گرووپە چەکدارەکانی سووريا زۆرينەی شاری حەلەبيان کۆنترۆڵکردووە و لە پێشڕەويدان، کۆشکی سپيش يەکەم راگەيەندراوی لەسەر دۆخی سووريا بڵاوکردەوە و گوتى "هێزەکانمان لە سووريا دەپارێزين".
دەستەی تەحرير شام و گرووپە چەکدارە هاوپەيمانەکانی زۆرينەی شارى حەلەبيان، بە فرۆکەخانە، ناوەندە حکومييەکان و زيندانەکانەوە کۆنترۆڵکردووە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "بەبێ بەرگریی سوپای سووريا ئەو گرووپانە پێشڕەوييان کردووە".
روانگەی سووری رەتيدەکاتەوە "گرووپە چەکدارەکان گەيشتبنە شاری حەمای دراوسێی حەلەب". وەک ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى نزیک لە گرووپەکانەوە بانگەشەى بۆکرا. ئاماژەى بەوەشکردووە، حکومەتى دیمەشق هێز و پێگە سەربازییەکانى لە حەما رێکخستووەتەوە و خاڵى نوێى سەربازى لە دەوروبەرى شارەکە داناوە.
کۆشکی سپيش يەکەم راگەيەندراوی لەسەر دۆخی سووريا بڵاوکردەوە گوتى "لە نزیکەوە چاودێری دۆخی وڵاتەکە دەکەین و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندیمان هەبووە، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەم هێرشەوە نییە".
راشيگەياندووە "رەتکردنەوەی بەردەوامی رژێمی ئەسەد بۆ بەشداری لە دانيشتنەکانی تايبەت بە پڕۆژە بڕياری ئاگربەستی سووريا لە ئەنجوومەنی ئاسايشی نەتەوەيەکگرتووەکان، هەروەها پشتبەستنی بە رووسیا و ئێران، ئەو بارودۆخەی ئێستای هێناوەتە ئاراوە".
کۆشکى سپى گوتیشى "لە بەرگریی و پاراستنی تەواوەتی کارمەندانی ئەمریکا و پێگە سەربازییەکانیان لە سووريا بەردەوام دەبن، کە مانەوەيان لە ناوچەکە پێويستە بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە داعش هەرگیز ناتوانێت جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە".
هەر لەسەر پرسى سووریا، ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی وەزيری دەرەوەی ئێران و سێرگی لاڤرۆڤ وەزيری دەرەوەی رووسيا لە پەيوەندييەکی تەلەفونیيدا دوايین پێشهاتەکانی ناوچەکەيان تاوتوێکردووە.
عێراقچی، جموجوڵەکانی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکانی سووریای بە بەشێک لە پلانی ئەمريکا بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ئاسایش لە ناوچەکە ناوبردووە.
لاڤرۆڤ، جەختی لەسەر پێويستی هەماهەنگی نێوان هەموو لايەنەکان کردەوە بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تيرۆر، خوازياری بەردەوامیی راوێژی نێوان مۆسکۆ و تاران بوو.