ترەمپ بەربژێری پۆستی سەرۆکی ئێف بی ئای دیاریکرد

کاش پاتێل

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمريکا، کاش پاتێل راوێژکاری خولی پێشووی ئيدارەکەی وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی "ئێف بی ئای" دیاریکرد.

کاش پاتێل، لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسيويەتی "پارێزەر و لێکۆڵەرە، ژیانی پیشەیی خۆی بە ئاشکراکردنی گەندەڵی و بەرگری لە دادپەروەری و پاراستنی گەلی ئەمریکا بەسەربردووە".

ئەم هەنگاوەی ترەمپ بەو مانایە دێت، کریستۆفەر رەی، بەڕێوەبەری ئێستای ئێف بی ئای کە ساڵی 2017 بۆ ماوەی 10 ساڵ لە پۆستەکەيدا دەستنیشانکرا، دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە، یاخود لە کارەکەی دووربخرێتەوە، چونکە بە سەرکردایەتیی رەی کە لەلایەن ترەمپەوە دەستنیشانکرابوو، ئێف بی ئای لێکۆڵینەوەی لە ترەمپ کرد.

پاتێل بە رەچەڵەک هندييە و نووسەری کتێبێکە بەناوی "دەوڵەتی قووڵ"، لە خولی یەکەمی ترەمپدا لەنێوان ساڵانی (2017-2021) ژمارەیەک پۆستی باڵای بەدەستهێناوە، لە پنتاگۆن کاری کردووە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بووە.

ترەمپ رايگەياندووە "کاش کارێکی سەرسوڕهێنەری کرد لەماوەی خولی یەکەمدا، ئەرکی کۆتاییهێنان بوو بە تاوانکاری لە ئەمریکا، هەڵوەشاندنەوەی باندە تاوانکارییەکان، کۆتاییهێنان بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قاچاخچيەتيکردن بە ماددە هۆشبەرەکان".