کۆمەڵەی پزیشکانی ژنان و منداڵبوون لە ئەڵمانیا دەڵێت خۆکوتان دژ بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا بۆ هەمووان گرنگە، بەڵام لە خانمانی دووگیاندا گرنگیی زیاتری هەیە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی (DPA)، کۆمەڵەکە وتوویەتی خانمانی دووگیان ئاستی بەرگرییان لە کەسانی ئاسایی کەمترە، بۆیە توندتر ئەنفلۆنزا دەگرن و دەبێت لە کەسانی ئاسایی زیاتر لە خەمی خۆکوتاندابن دژ بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا.
کۆمەڵەی پزیشکانی ژنان و منداڵبوون لە ئەڵمانیا دەڵێن گرنگییەکی دیکەی خۆکوتانەکە ئەوەیە، ئەو بەرگرییەی دایکەکە دروستیدەکات دژ بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، لە رێگەی وێڵاشەوە بۆ کۆرپەکەشی دەگوێزرێتەوە، بۆیە منداڵەکە لە شەش مانگی یەکەمی تەمەنیدا کەمتر تووشی پەتای ئەنفلۆنزا دەبێت، کە تەمەنێکی هەستیارە و گرنگە تێیدا منداڵ پارێزراو بێت.
لەبارەی کاتی گونجاو بۆ کوتانی خانمی دووگیان دژ بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، لیژنەی کوتانە هەمیشەییەکان لە ئەڵمانیا دەڵێت باشترین کات سێ مانگی دووەمی دووگیانییە و لە هەندێک باری نەخۆشیی دایکەکەدا دەکرێت هەر لە سێ مانگی یەکەمدا کوتانەکە بکرێت.