ریال مەدرید دەیەوێت جیاوازییەکە لەگەڵ بەرشلۆنە کەمبکاتەوە بۆ یەک خاڵ

test

ریال مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی خیتافی دەکات.
ئەستێرەکانی ئەنچیلۆتی دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەمدایە و دەتوانن بە بەردێک دوو چۆلەکە بخەنەخوارەوە، بەسەرکەوتنێک دەتوانن هاندەرانیان ئاشتبکەنەوە و شکستی چامپیۆنزلیگ لەبیربکەن، هاوکات لە پێشەنگی لالیگاش نزیکببنەوە کە بەرشلۆنەیە و جیاوازییەکەیان بکەنە تەنیا خاڵێک.
تیپەکەی ئەنچیلۆتی، لەدوای هاتنی کیلیان ئێمباپێ-وە خۆشی لەخۆی نەدیوە، لەلایەن میدیا و هاندەرانەوە خراوەتە ژێر پەستانێکی قورسەوە، هاوکات دەردەپێکانیش بەرۆکی یاریزانەکان بەرنادات، یەکێکیان دەگەڕێتەوە ویەکێکی دیکەیان تووشی پێکان دەبێت، دواییەکەشی پێکانی کاماڤینگا و ڤینیسیۆز بوو.
ریال مەدرید لەدوایین پێنج یاریدا، سێجار شکستیهێناوە، بەڵام لەنێو یاریگە و هاندەرانی خۆیدا خاوەنی ئامارێکی بەهێزە و بە حەوت یاری 18 خاڵی کۆکردووەتەوە، لەکاتێکدا یانەی خیتافی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی کێشەی هەیە و بە شەش یاری تەنیا دوو خاڵی بەدەستهێناوە.
ئامارەکان هەر ئەوەندە نییە، خیتافی لەدوایین 38 یاریدا تەنیا شەش سەرکەوتنی بەرامبەر بە ریال هەبووە، 16 ساڵیشە لە بێرنابیۆ هیچ یارییەکی لە ریال نەبردووەتەوە.
لەم یارییەشدا رەنگە چانس یاوەری ریال مەدرید بێت، چونکە هەریەکە لە رۆدریگۆ و چوامینی لە پێکان گەڕاونەتەوە و دەتوانن بەشداری بکەن.
ریال مەدرید سەرباری پێکانەکان چاوەرواندەکرێت کۆنترۆڵی تۆپ بکات، بەڵام بەرگرییە بەهێزەکەی خیتافیش رەنگە رێگیربێت لە تۆمارکردنی گۆڵی زۆر، بۆیە بردنەوەیەک بۆ یانەی شاهانە ئامانجەکەی خۆی دەپێکێت، بەر لەوەی سەردانی سان مامێس بکەن بۆ یاریکردن بەرامبەر بە ئەتلێتیک بیلباو.

loading....