چەند جێ پێیەکی دێرین و کۆن، چیرۆکی هاوژیانیی دوو جۆری جیاوازی مرۆڤەکان ئاشکرا دەکات کە سەدان هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کیشوەری ئەفریقا ژیاون.
لە کەناراوەکانی دەریاچەی تورکانا لە وڵاتی کینیای باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا، چەند جێ پێیەکی دێرین دۆزراونەتەوە، کە دەگەڕێنەوە بۆ دوو جۆری جیاوازی مرۆڤ و ملیۆنێک و 500 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکەدا و پێکەوە ژیاون.
بەڵگەکان نیشانی دەدەن؛ هەریەک لە جۆرەکانی "هۆمۆ ئێریکتس" و "پارانترۆپوس بۆیسەی"، کە دوو جۆری جیاوازی مرۆڤن، لە هەمان ژینگەدا ژیاون، ئەمەش نوێترین و بەرجەستەترین بەڵگەیە سەبارەت بە پێکەوەژیانیی مرۆڤە جیاوازەکان لە سەردەمە دێرینەکاندا.
زاناکان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ دۆزینەوەی ئەم جێ پێیە بەبەردبووانە، هاوکارییەکی زۆری لێکۆڵینەوەکان دەکات بۆ تێگەیشتنی زیاتر سەبارەت بە کۆمەڵگە زۆر سەرەتاییەکانی مرۆڤە جیاوازەکان، کە چۆن لە ژینگەیەکی سنوورداردا، مامەڵەیان لەگەڵ یەکتردا کردووە و ژیاون.