پزیشکێکی پسپۆڕی ئەڵمانی نیشانەکانی خەمۆکیی زستانە رووندەکاتەوە و رێگەچارەی پێویست دەخاتەڕوو بۆ رزگاربوون لێی.
سەرما، هەور، تاریکی و تەمی زستان لە بەشێکی خەڵکیدا نیشانەگەلی خەمۆکی دروستدەکەن کە بە خەمۆکیی زستانە ناودەبرێت.
د. ستیڤن هافنەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە ئەڵمانیا، بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی (DPA) وتووە کە خەمۆکیی زستانە بە یەکێک لە ناسازییە دەروونییە وەرزییەکان دادەنرێت و نیشانەکانی بریتین لە:
* خەواڵوویی زۆر و زۆر خەوتن
* زۆر حەزکردن لە خواردنی شیرینی و کاربۆهێدرات
* بێهێزی و هەستنەکردن بە هاندانی دەروونی بۆ چالاکی
* ناسەقامگیریی مەزاج و هەڵچوون
* گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و گرنگینەدان بە چالاکییە چێژبەخشەکان
چۆن رووبەڕووی ئەم خەمۆکییە ببینەوە؟
- رووناکیی رۆژ: رۆژانی ساماڵ و دەرکەوتنی هەتاو بقۆزەرەوە و هەوڵبدە بێبەش نەبیت کە تیشکی هەتاو. رووناکیی سروشتی هەم میزاجی مرۆڤ باشدەکات، هەم هانی دروستکردنی ڤیتامین دی دەدات کە ڤیتامینیکی هاریکارە لە کارکردنی گوازەرەوە دەمارییەکانی وەکو دۆپامین و سیرۆتۆنین کە بەرپرسن لە باشبوونی میزاج و چێژبینین.
- وەرزش: وەرزش هەستکردن بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە و هانی دەردانی هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی دەدات
- رێکخەوتن: تاریکیی زستان هانی دەردانی هۆرمۆنی خەو دەدات، بەڵام ئەمە نابێ وامان لێبکات زیاتر لە هەشت کاتژمێر زیاتر بخەوین، چونکە دەرکەوتووە زۆر خەوتن خەمۆکی زیاددەکات
- پەیوەستیی کۆمەڵایەتی: پەیوەستیی کۆمەڵایەتی و چالاکیی هاوبەش لەگەڵ خەڵکی لە بنەما گرنگەکانی دەرووندروستین. بۆیە گرنگە بە زستانیش هاوڕێیان و خزمان ببینین، پێکەوە بچینە سینەما و کافێ، هەروەها سەردانی ماڵی یەکدی و راگرتنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی.
پسپۆڕە ئەڵمانییە دەڵێت ئەگەر زستان تێپەڕی و بەهار هات و تۆ هەر خەمبار بووی، باشترە سەردانی پزیشکی دەروونی بکەیت و بزانیت تووشی نەخۆشیی خەمۆکیی درێژخایەن نەبوویت؟