ماکس ڤێرشتاپن پاڵەوانبوونی خۆی بۆ وەرزی 2024ـی فۆرمولا وە یەکلاییکردەوە، بەڵام هێشتا ماوە، کە تیمەکان کێبڕکێ بکەن بۆ ناسناوی باشترین تیمی سالی 2024 کە ژمارەیان سێ تیمە و کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین تیم دەکەن لە رووی ئەندازیارییەوە.
هەریەکە لە تیمەکانی ماکلارێن، فێراری و رێدبوڵ کێبڕکێ دەکەن لەسەر ئاستی باشترین تیمی بۆ وەرزی 2024ـی بوارەکە، کە سالی رابردوو تیمی رێدبوڵ بردیەوە و دوو سالی رابردووش هەر رێدبوڵ پالەوان بوو.
ئەمساڵ ماکلارێن، کە شۆفێرانی وەک لاندۆ نۆریس و ئۆسکار پیاستری هەیە، بەهێزترە و بە کۆکردنەوەی 608 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە، فێراریش کە کارلۆس ساینز و چارلز لێکلێرکی هەیە بە 584 خاڵەوە پلەی دووەمی گرتووە، رێدبوڵیس پێدەچێت کێبڕکییەکە قورس بێت بۆی، جونکە تەنیا پێشبڕکێی قەتەر و ئەبو زەبی ماوە و چانسی زۆر کەمە بۆ بردنەوەی ناسناوی باشترین تیم کە 555 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی سییەمە.
لەم دوو پێشبڕکێیەی داهاتوو، ماکلارێن و فێراری ناسناوی باشترین تیمی ئەمسال یەکلاییدەکەنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لاندۆ نۆریسی ماکلارێن لەبەرامبەر ڤێرشتاپن ناسناوی پاڵەوانبوونی لەدەستدا، هاوکات ماکس ڤێرشتاپن لە دوایین قۆناگی پالاوتنەکان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و لاندۆ نۆریس و جۆرج رەسڵ پلەی دووەمو سێیەمیان وەرگرت و ئەمڕۆس کاتژمێر 7:00ـی شەو پێشبڕکێی فەرمی دەستپێدەکات.