ئەلینا رۆمانۆسکی: لە پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغداد رۆڵی بنیادنەرمان هەبووە

test
یەسنا ئومێد، نێردراوى کەناڵ8 لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان

ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، پێش ئەوەى ماڵئاوایى لە پۆستەکەى بکات، داواى زوو پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و جەختیشى لە یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە کردەوە، گوتیشى "وڵاتەکەى لەپەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد رۆڵی بنیادنەری هەبووە".

ئەلینا رۆمانۆسکی، رۆژی 30ـی تشرینی دووەمی 2024، لەگەڵ نوێنەرى ژمارەیەک دەزگاى میدیاى هەرێمى کوردستان، کە نێردراوى کەناڵ8 ئامادەى بوو، گفتوگۆى کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا جەختی لە گرنگیی پێگەى هەرێمی کوردستان لە رێککەوتنى ستراتیجیی ئەمریکا لەگەڵ عێراق کردەوە، باسی لە ئامانجی وڵاتەکەى کرد کە "پشتگیریی سەروەری و سەقامگیرییە" گوتیشى "هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو، بۆ تەواوى عێراق گرنگ دەبێت".

"کاتی ئەوەیە لایەنەکان حکومەت پێکبهێنن"

ئەلینا رۆمانۆسکى، کە لە ماوەى ئەرکەکەیدا لە عێراق و هەرێمى کوردستانیش بەردەوام بەرپرسە باڵاکانى بینیووە، باسی لە هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانی کوردستانی کرد و ئاماژەى "بەرێژەی بەرزى بەشداری"کرد و لەگەڵ ئەوەشدا هێماى بۆ نەبوونى یاخود "رێژەیەکی زۆر کەم" لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا کرد.

لەبارەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاریگەری ئەو حکومەتە لە بەغداد، باڵیۆزی ئەمریکا گوتی "هاونیشتمانییان چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان و بڕیاری سیاسی خۆیاندا، هەربۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ بکەن و حکومەت پێکبهێنن".

ئەلینا رۆمانۆسکى، پێکهێنانى کابینەى حکومەتى هەرێمی کوردستانی بەهۆکارێک بۆ بەهێزبوونى پێگەی کورد لە بەغداد زانى.

"گفتوگۆى بنیاتنەر لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق"

باڵیۆزی ئەمریکا باسی لە هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کرد و گوتى "لە کۆتاییدا چارەسەری ئەو کێشانە دەبێتە هۆی دروستبوونی عێراقێکی سەقامگیر".

"هەرێمی کوردستان پایەیەکى سەرەکیی دروستبوونی عێراق و بەشێکی گرنگیی وزەی عێراقە"، رۆمانۆسکی بەمجۆرە وەسفی هەرێمی کوردستانی کرد.

رۆمانۆسکی، زیاتر روونکردنەوەى بە رۆژنامەوانەکاندا و گوتى، " داوایان لە سەرکردەکانی هەردوو لایەن کردووە تاوەکو گفتوگۆیەکی بنیادنەر دەستپێبکەن و دەرئەنجامەکان زووتر دەربکەون."

لەبارەى کێشەی بودجەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، گوتى "ئەمریکا رۆڵێکی بنیادنەری هەبووە بۆ درووستبوونی گفتوگۆی کاریگەر".

بەبۆچوونى رۆمانۆسکی، ئەمریکا رۆڵى لە گفتوگۆکانى هەناردەکردنەوەى نەوتدا هەیە و گوتى "بەڕێوەچوونی رێکارەکان لەو رووەوە ئەرێنییە و بەرەوپێشچوون هەیە".

"داعش هێشتا هەڕەشەیە"

ئەلینا رۆمانۆسکی، لەبارەى پرسە ئەمنییەکانەوە، بەوە دەستیپێکرد کە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆسەر ناوچەکە، هەربۆیە ئەمریکا بەردەوام هانی پێکهێنانى هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە دەدات.

باسی لەوەشکرد، ئەمریکا لە دوو ساڵى داهاتووشدا لەرێگەى راوێژکارییەوە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دەکات تاوەکو رووبەڕووی هەموو هەڕەشەکانی داعش ببنەوە.

باڵیۆزی ئەمریکا، باسی لەوەکرد، ئامانجی سەرەکییان لە یاداشتى لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان، یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70ـی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی 80ـی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

لەبارەی پلانەکانی داهاتوو، رۆمانۆسکی دەڵێت ساڵی 2026 دەرفەتێکی نوێ دەبێت بۆ دووبارە نوێکردنەوەی ئەو لێکتێگەیشتنە، تاوەکو سەرجەم لایەنەکان بۆ ئامانجێکی یەکگرتوو کار بکەن.

"عێراق و هەرێمی کوردستان نەبنە بەشێک لە جەنگەکە"

یەسنا ئومێد، نێردراوى کەناڵ8، پرسیارى ئەوەى لە ئەلینا رۆمانۆسکى کرد، عێراق و هەرێمى کوردستان چۆن دەتوانن خۆیان لە ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە بپارێزن؟ گوتى "لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی بەغداد و هەولێر لەسەر ئەم پرسە قسەمان کردووە، هەروەها باسیان لەو مەترسییە کردووە کە گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە دروستیانکردووە".

رۆمانۆوسکی راشیگەیاند، داوایان کردووە، هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە هەنگاوی پێویست بگرنەبەر تاوەکو رێگە لەم گرووپە چەکدارانە بگرن هێرش ئەنجامبدەن و ببنە هەڕەشە بەسەر سەقامگیریی ناوچەکە.

گوتیشى "داواشمان لە سەرکردە سیاسییەکان کردووە نەبنە بەشێک لە گرژییەکان".

"بڕی چوار ملیۆن دۆلارمان بۆ پەروەردە خەرجکردووە"

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسی لەوەشکرد، لە چەند سێکتەرێکی دیکە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، یەکێک لەو سێکتەرانەش پەروەردەیە، باسی لەو هاوبەشیانە کرد کە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیانە و رایگەیاند، کە سێ زانکۆی ستایلی ئەمریکی لە ناوچەکە هەیە و زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک متمانەی بەدەستهێناوە و زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ئێستا کار لەسەر بەدەستهێنانی ئەو متمانەیە دەکات.

لەبارەی هاریکاری دارایی سێکتەری پەروەردە، باڵیۆزی ئەمریکا باسی لە باشی کارەکانی ئەم زانکۆ ئەمریکیانەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، تەنیا ئەمساڵ بڕی چوار ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەوان خەرجکردووە.

 "30  کۆمپانیای ئەمریکی چاوەڕوانى رەزامەندین"

رۆمانۆسکی باسی لە پەیوەندیی ئابووری نێوان کوردستان و ئەمریکا کرد و ئاماژەى بەوەکرد، لە ژووری بازرگانیی ئەمریکی لە کوردستان ئێستا 30 کۆمپانیای ئەمریکی چاوەڕێی بە دەستهێنانی رەزامەندین تاوەکو لقی کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

هەروەها باسی لەوەکرد، ئەوان بەردەوام رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە و پاڵپشتیی شەفافییەت دەکەن کە هەمان کار و پلانی ستراتیجیی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانییە.

باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەشی کرد بەوەی، وڵاتەکەی بەردەوام پاڵشتیی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی وڵاتەکە دەکات، لە هەمان کاتدا باسی لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال کرد.

لەوبارەیەوە گوتى، "ئەمریکا 10  ساڵە سەرقاڵی کارکردنە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، بەڵام یەکێک بووە لە قورسترین پرۆسەکان."

هەروەها باسی لەوەکرد، ئەمریکا خوازیارە دۆخی ئەمنیی شەنگال لەژێر کۆنترۆڵی هێزە فیدڕاڵییەکانی عێراق و ئەو هێزە بێت کە لە ژێر رێککەوتنی شەنگال درووستبووە.

گوتیشى "لە ساڵی 2018 ـەوە، زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە وەک هاریکاری بۆ ئەو کەمینانەی بونەتە ئامانجی هێرشە جینۆسایدییەکان".

loading....