هاتنی وەرزی پایز و گۆڕانی رەنگی گەڵاکان، دەتوانن ببنە ئیلهامبەخشێکی گەورەی هونەریی و هونەرمەندان بەرەو داهێنان و شێوازی نوێی دروستکردنی هونەریی ببەن.
لیتۆ نازناوی هونەریی شێوەکارێکی ژاپۆنییە، لەڕێگەی دروستکردنی پارچەی هونەریی بە بەکارهێنانی گەڵای هەڵوەریوی درەختەکان، سەرنجی هەوادارەکانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راکێشاوە.
لیتۆ بە تەکنیکی هەڵکۆڵین و بڕین، شێوەی جیاواز لەسەر گەڵاکان دروستدەکات و لەگەڵ ژینگەی کارەکەیدا جێیان بۆ دەکاتەوە.
بەشێکی زۆر لە ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکانی لیتۆ، سەبارەت بە ژیانی سروشتیی و ئاژەڵەکانن، ئەمەش وای کردووە بە ئاسانیی گەڵا هونەرییەکان لەنێو ژینگە جیاوازەکاندا جێیان بکرێتەوە و لەگەڵ کەشەکەدا بیانگونجێنێت.
لیتۆ ئێستا تەمەنی 38 ساڵە، دەیەوێت لە کارەکەی بەردەوامبێت و توانیویەتی تەکنیکی تایبەت بدۆزێتەوە لە پاراستنی گەڵەکان لە داخوران و هەڵوەرین، لەڕێگەی بەکارهێنانی گیراوەی تایبەتی کیمیایی و دانانیان لە شوێنی گونجاو و پارێزراودا.
ئەم هونەرەی لیتۆ لە رێبازە ژاپۆنییەکاندا بە کیریئێ دەناسرێت، کە گوزارشتە لە هونەری بڕینی کاغەز و ئێستا لە ئاستی وڵاتەکەدا ژمارەی هونەرمەندەکانی کەمبوونەتەوە و لیتۆش لە دیارترینەکانیانە.