سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و پێویستە حکومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بەبێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی و ئەلینا رۆمانۆسکی لەبارەی مووچە، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد، لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەرێمی کوردستان ، هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، مەسرور بارزانی جەختی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا کردەوە.