حەلەب، کە دووەم گەورە شارى سووریایە، لەژێر کۆنتڕۆڵى حکومەتى سووریا نامێنێت، پاش ئەوەى دەستەى تەحریرى شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى دەستیان بەسەر تەواوى شارەکەدا گرت.
رامى عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، رایگەیاند، دەستەى تەحریرى شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى دەستیان بەسەر تەواوى شارى حەلەبدا گرت، جگەلەو گەڕەکانەى کە لەژێر دەستى هێزە کوردییەکاندان، کە هەردوو گەڕەکى شێخ مەقسود و ئەشرەفییەن.
بەگوێرەى بەڕێوەبەرى روانگەى سوورى، ئەمە یەکەمجارە لە ساڵى 2011ـەوە حەلەب لە ژێر کۆنترۆڵى حکومەتى سووریادا نامێنێت.
لە رۆژى چوارشەممەوە، هێرشى کتوپڕى گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگاى حەلەب دەستیپێکردووە و دەستیان بەسەر دەیان شارەدێ و شارۆچکە لە هەردوو پارێزگاى حەلەب و حەما گرتووە، تاوەکو پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ 330 کەس کوژرابوون، کە 44یان سڤیل بوون.
لە ساڵى 2011ـەوە شەڕ و ئاڵۆزییەکانى سووریا سەریانهەڵداوە، بەو هۆیەوە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراون و زیاتر لە نیوەى دانیشتووانى وڵاتەکەش ئاوارە بوون.