یارییەکانی ئەمڕۆی پرێمەرلیگ ئاگرینە

گەڕی 13ــی پرێمەرلیگ ئەمڕۆ چوار یاریی گرنگ و چارەنووسساز لەخۆدەگرێت و یانە گەورەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکان، یەکێک لەوانە چێڵسی لە یاریگەی ستامفۆرد بریج کاتژمێر 4:30 میوانداریی ئەستۆن ڤێڵا دەکات.

چێڵسی لەگەڵ ئێنزۆ مارێسکا تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی باش هاتوون، ماوەیەک ئاستییان ناجێگیر بوو، بەڵام رێرەوی بردنەوەیان دۆزیوەتەوە و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی لە دوای مان سیتی بە جیاوازی خاڵێک خۆی گرتووە، دوایین شکستی بلوز لە پرێمەرلیگ دەگەرێتەوە بۆ مانگی 10 کە بەرامبەر لیڤەر شکستی هێنا، لە دوای ئەوەش شکستی نەبووە.

ئەستۆن ڤێڵاش وادیارە ئەم وەرزە وەک وەرزی رابردوو نییە، ئاست و ئەنجامەکانی هی کێبڕکیی تۆپ چواری ریزبەندیی نییە، ڤێڵانس حەوت یارییە لەسەریەک  تامی بردنەوەی نەکردووە، بەرامبەر تۆتنهام و ئارسیناڵ و لیڤەرپووڵ تووشی شکست هاتووە، ئەمەش گومانی لای هاندەران دروست کردووە کە نەتوانێت ئەمساڵ کێبڕکێی تۆپ چواری ریزبەندیی بکات.

چێڵسی و ئەستۆن ڤێڵا لە مێژوودا 60 جار رووبەڕووبونەتەوە، 31 بردنەوە لە بەرژەوەندی بلوزی چێڵسی و 14 بردنەوەش لە بەرژەوەندی ڤێڵانس کۆتاییهاتووە، 15 یەکسانبوونیش رویداوە.

لە یارییەکی دیکەدا مانچێستەر یونایتدیش سێیەم یاریی بە سەرپەرشتی راهێنەری نوێ روبن ئامۆریم ئەنجامدەدات و چاوی لە دووەم بردنەوەیە، کاتژمێر 4:30 لە یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد میوانداریی ئێڤەرتۆن دەکات.

یەکەم یارییان لەگەڵ ئامۆرێم ئەو نەبوو کە چاوەڕواندەکرا کاتێک بەرامبەر ئیپسویچ تاون یەکسانبوونیان تۆمارکرد، هەرچۆنێک بێت لە دووەم یارییان لە یۆرۆپالیگ بردنەوەی مسۆگەرکرد، شەیتانە سوورەکان چ لەگەڵ ئامۆرێم و چ لەگەڵ نێستەلرۆی شەش یارییە شکستییان نەهێناوە و خەریکە رێرەوی بردنەوە دەدۆزنەوە، بەڵام هێشتا ئەرکییان قورسە، چونکە پلەی 13ــەیمیان گرتووە.

ئێڤەرتۆنی رکابەرییشی دوو پلە خوارترە و بارودۆخی هیج باشنییە، شەش شکست و پێنچ یەکسانبوونی تۆمارکردووە.

ئەوەی خاڵی بەهێزی مانچێستەرە، یاریگەی خۆیەتی کە شەش یارییە لەسەریەک نەدۆڕاوە، ئێڤەرتۆنیش بە پێچەوانەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی حاڵی پەشێوە و لە دوایین 10 یاریی دەرەوەی یاریگەی خۆی تەنیا دوو بردنەوەی هەیە.