فەرماندەی هێزەکانی سنوورى عێراق: سنوورمان لەگەڵ سووریا پارێزراوە

test
گرژى و ئاڵۆزییەکانى سووریا. فۆتۆ:AA

فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق رایگەیاند، سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا، بە تەواوەتی پارێزراوە و هێزی ئەمنیی جۆراوجۆر و راهێنراو، پارێزگاریی لە سنوورەکان دەکەن.

محەمەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە "سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتی سووریا، بە رێگەی جۆراوجۆر پارێزگاریى لێدەکرێت و ناتوانرێت ببەزێندرێت".

راشیگەیاندووە "سیستمی پارێزگاریکردنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا، پێکدێت لە دیوارێکی کۆنکرێتی و تەلبەند و دیوارێکی ئاسنین، لەگەڵ سیستمی چاودێریی ئەلیکترۆنیی، کە بە بەردەوامی چاودێریی جوڵە و هەوڵەکانی بەزاندنی سنوورەکان بە شێوەی نایاسایی، دەکات".

فەرماندەکەی هێزەکانی سنوور جەختی کردووەتەوە "هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هێزێکی شەڕکەری راهێنراوی پڕچەککراو بە چەک و پێداویستی سەربازیی پێشکەوتوو، لە ئامادەباشیدان بەشێوەیەکی تەواوەتی بۆ پاراستنی سنوورەکان".

ئەم دڵنیاییەی فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق، هاوکاتە لەگەڵ هێرشی دەستەی ئەحرارى شام بۆ سەر شارەکانی حەلەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریا.

loading....