تەرمى ئەو دایک و منداڵەى 28ـى مانگى رابردوو لە دەریاى ئیجە خنکان، دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.
ئارى جەلال، سەرۆکى دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "بەهاوکاریی وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق تەرمەکان دەگەڕێنینەوە".
سەرۆکى دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران گوتیشى، لەسەر داواکاریی خێزانەکەیان، رێکارەیاساییەکانى گەڕانەوەى تەرمەکانیان دەستپێکردووە.
رۆژى 28ـى تشرینى دووەمى 2024، هەریەک لە نایلە محەمەدی تەمەن 36 ساڵ و منداڵە 10 مانگەکەى لە رێگاى گەیشتن بە وڵاتانى ئەوروپا، لە دەریاى ئیجە گیانیانلەدەستدا.
بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ زیاتر لە هەشت هەزار هاونیشتمانی کە زۆرینەیان گەنجن، روویان لە وڵاتانى ئەوروپا کردووە و 46 هاونیشتمانی لە رێگەى گەیشتن بەو وڵاتانە، گیانیانلەدەستداوە کە زۆرینەیان گەنج و منداڵن.
پێشتریش، بەکر عەلى، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمساڵدا 190 کەس لە ئەڵمانیا، 28 کەس لە بەریتانیا و نۆ کەسیش لە فەرەنساوە دیپۆرتى هەرێمى کوردستان کراونەتەوە و 12 کەسى دیکەش لە نەرویجەوە دیپۆرتى هەرێمى کوردستان و عێراق کراونەتەوە.