محەمەد شیاع سودانی و مەسعود پزیشکیان پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجامدا

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجامدا و جەختیان لە هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردەوە، تاوەکو دۆخی سووریا نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، پزیشکیان پەیوەندیی بە سودانییەوە کردووە و گفتوگۆیان لەسەر پێشهاتەکانی سووریا و جەنگی غەززە کردووە.

باسلەوەشکراوە، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران، جەختیان لە گرنگی هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردووەتەوە، لەپێناو راگرتنی جەنگی غەززە و کارکردن لەسەر رێگەگرتن لە لێکەوتەکانی دۆخی سووریا، تاوەکو نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.

ئەم پەیوەندییە تەلەفونییەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران، هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەوییەکانی دەستەی تەحریری شام لە بەرامبەر سوپای سووریا لە شارى حەلەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە.