ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێی پێشهاتەکانی سووریا دەکات

بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و سووریا، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، بە تایبەت رووداوەکانی سووریا تاوتوێکراوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، گوێبستی شیکردنەوەی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بوو، لە رەوشی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، ئەو رێوشوێنانەی کە گیراونەتە بەر بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و بەهێزکردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان و چاودێریکردنی هەموو جموجوڵێک لە ناوچەکە.

لەو رووەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندە و بەرپرسە پەیوەندارەکانی راسپاردووە، لە ناوچە سنوورییەکان بمێننەوە ئاگاداری دۆخی ئەمنی ناوچەکە بن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە، لە یەکخستنی گوتاری نیشتمانی و ئاگاداربوونی میدیاکان لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان بە وردی و هۆشیارانە، بەشێوەیەک دوای هیچ پڕوپاگەندەیەکی دروستکراو نەکەون، کە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ناوخۆ دروستبکات.