بانکی ناوەندیی عێراق، فەرمان بە بانک و دامەزراوە رێگەپێدراوەکان دەکات، سەرجەم حەواڵە داراییەکان بۆ بریکارانی کۆمپانیای تیکتۆک لە ناوخۆی عێراق رابگرن.
بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم بانک و دامەزراوە داراییەکانی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر داواکاریی وەزارەتی گواستنەوەى عێراق، "بڕیاردراوە بە راگرتنی سەرجەم حەواڵە داراییە هاتوو و رۆیشتووەکان، بۆ بریکارانی تیکتۆک لە ناوخۆی عێراق".
بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، داهاتی بەکارهێنەرانى تیکتۆک رادەگرێت و چیتر ئەو دیارییانەی لە رێگەی راستەوخۆ و بەرهەمەکانیانەوە، لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕەکە پێشکەشیان دەکرێت، بۆ لەمەودوا ناتوانن مامەڵەی پێوە بکەن و بیکەن بە پارە.