فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سبەی دووشەممە دواخراوە و بڕیارە سبەی پەرلەمانتاران گفتوگۆی زیاتر لەسەر سێ پڕۆژەیاساکە بکەن.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆبووە و بڕیاربوو دەنگ لەسەر ئەو سێ پرۆژەیاسایە بدرێت کە مشتومڕیان لەسەر بوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لایەنەکانەوە دانیشتنەکە دواخرا.
بەگوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکە، دەبوو دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هەموارى باری کەسیی ژمارە 188ـی ساڵی 1959 بدرایە، کە فراکسیۆنە شیعەکان پشتیوانى دەکەن.
دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، کە فراکسیۆنە کوردییەکان پشتیوانى دەکەن، لە کارنامەى دانیشتنەکەدا بوو کە پێشتر بەهۆى ناڕەزایەتى پەرلەمانتارە سوننەکانەوە پەسەند نەکرا، هاوکات پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی، کە بە پرۆژەى لایەنە سوننەکان ناودەبرێت لە کارنامەى دانیشتنەکەدا بوو.
ئەم سێ پرۆژەیاسایە لە دانیشتنەکانى پێشتردا خوێندنەوەى یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە، بەڵام بەهۆى ناڕەزایەتى پەرلەمانتارانەوە پەسەندنەکراون.
خاڵێکى دیکەى بەرنامەی کاری ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ هەریەک لە هەمواری یاسای فڕۆکەوانی شارستانیى و هەمواری یەکەمی یاسای شارە پیشەسازییەکان.