تیشکی خۆر یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکی و سرووشتییەکانی ڤیتامین دی کە گرنگە بۆ تەندروستیی ئێسکەکان، سیستمی بەرگری و رێکخستنەوەی مەزاج.
تیشکە سەروو بنەوشەییەکانی خۆر هۆکارن بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ڤیتامین دی لە پێستدا.
پێشتر دەگوترا کە باشترین کاتی رۆیشتنە بەرخۆر بۆئەوەی ڤیتامین دیی زیاتر دروستببێت، کاتژمێر 7ـی بەیانییانە. بەڵام زانستی نوێ شتێکی دیکە دەڵێت، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گۆشەی تیشکی خۆر لە کاتژمێر 7ـی بەیانیدا زۆر نزمە، هەربۆیە ئەو تیشکەی لەو کاتەدا بەرتدەکەوێت هێندە بەهێز نییە کە بتوانێت وا لە پێست بکات ڤیتامین دی دروستبکات.
بۆ ئەم مەبەستەش پسپۆڕان پێیان وایە باشترین ماوە بۆ رۆیشتنە بەرخۆر بریتییەلە کاتژمێر 10ـی بەیانی بۆ کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، چونکە لەم کاتەدا گۆشەی تیشکی خۆر بەجۆرێکە کە بڕێکی پێویست لە تیشکمان بەردەکەوێت، ئەم تیشکە هێندە زۆر نییە زیانی هەبێت، لە هەمان کاتدا وادەکات جەستە بە باشی تیشکە پێویستەکان هەڵبمژێت و لە ئەنجامدا بڕی پێویست لە ڤیتامین دی دروستببێت.
گرنگییەکانی ڤیتامین دی
- یارمەتیی هەڵمژینی کالسیۆم دەدات و چڕیی ئێسک دەپارێزێت
- سیستمی بەرگری بەهێزدەکات و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە دژەخۆییەکان کەمدەکاتەوە
- کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی و باشترکردنی دەرووندروستی
- رێکخستنەوەی فشاری خوێن و رێگریکردن لە گرفتەکانی دڵ