روانگەی سووری: ژمارەی کوژراوان گەيشتە 412 کەس

test
مزگەوتی گەورەی نوعمان لە باشووری رۆژئاوای حەلەب دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا ناوچەکانی دەوروبەرییان کۆنتڕۆڵکرد، فۆتۆ: AP

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رايگەياند، ژمارەی کوژراوانی ئەو شەڕەی سووريا کە لە رۆژی چوارشەممەوە دەستيپێکردووە بۆ 412 کەس بەرزبووەتەوە کە 61 کەسيان هاوڵاتی سڤیلن.

روانگەی سووری باسی لەوەکردووە، لەناو کوژراوەکاندا 214 کەسيان سەربە گرووپە چەکدارەکانن،137 کەسيان سەر بە حکومەتی سووريان، 61 کەسيشيان سڤیلن و دەشڵێت، "تەنيا دوێنێ يەکشەممە 17 کەس کوژراون".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر شاری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، هەشت هاوڵاتی سڤیل کوژراون کە ژنێک و دوو منداڵیان تێدایە.

هەروەها، روانگەی سووری رایگەیاندووە، گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا کۆنترۆڵی شارێکی ستراتیجیيان لە باکووری سووریا کردووە کە بەدەست هێزە کوردییەکانەوە بووە.

روانگەی سووری ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە کەمپێکی ئاوارەکانی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە هەشت هاوڵاتی سڤیل کوژراون و پەنجا کەسی دیکەش برینداربوون.