مەزڵوم عەبدی: خەڵکەکەمان لە تەلرەفعەت و شەهباوە دەگوازینەوە بۆ ناوچەیەکی سەلامەت

مەزڵوم عەبدی، فەرمانگەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) - فۆتۆ: AP

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، "ویستمان رێرەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە حەلەب و تەلرەفعەت بکەینەوە، بەڵام هێرشی گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانکراو لەلایەن تورکیاوە ئەو رێرەوەیان بڕی و ئێستا کار بۆ بردنەدەرەوەی خەڵکەکەمان دەکەین لە ناوچەکانی تەل رەفعەت و شەهبا بەرەو ناوچەیەکی سەلامەت."

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، رووداوەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی خێرا و لەناکاو پەرەیانسەند.

مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانمان بەرەنگاری چەند هێرشێکی چڕ بوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی رووخان و کشانەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەوڵماندا رێرەوێكی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە رۆژهەڵات، حەلەب و تەلرەفعەت بکەینەوە، تاوەکو خەڵکەکەمان لە گیانلەدەستدان بپارێزین."

مەزڵوم عەبدی دەڵێت، "هێرشی گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە ئەو رێرەوەیان بڕی، هێزەکانی ئێمەش ئازایانە بەرگرییان لە خەڵکەکەمان کرد لە حەلەب، تەلرەفعەت و شەهبا."

باسی لەوەشکردووە، کاردەکەن و لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان بۆ هێنانەدەرەوەی خەڵکەکەمان لە ناوچەکانی تەلرەفعەت و شەهبا و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی سەلامەت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

بە گوتەی مەزڵوم عەبدی، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب هێشتا لە حاڵەتی بەرەنگاربوونەوە و بەرگریدان.