یانەی شورتەی پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەڕێکی دیکەی چامپیۆنزلیگی ئاسیا ئەنجامدەدات، ئەمجارە گەشت دەکات بۆ ئێران و رووبەڕووی یانەی پێرسیپۆلیس دەبێتەوە.
شورتەی عێراقی سەرەڕای ئەوەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی وڵاتەکەیە، بەڵام لەم وەرزەدا لەشەش یاریدا چوار خاڵی لەدەستداوە و بە 14 خاڵەوە چوارەمی ریزبەندییە.
لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیاش بارودۆخی هەرگیز باش نییە، لەکۆی 12 یانەی کۆمەڵەی خۆرئاوا لە پلەی 11دایە، پێنج یارییە لە دوو یەکسانبوون زیاتر هیچ سەرکەوتنێکی نییە و لەسێ یاریی دیکەدا بەرامبەر هیلال و ئەهلی سعودی و وەسڵی ئیماراتی 13 گۆڵی لێکراوە.
شورتە هیچ دەرفەتێکی لەبەردەمدا نەماوەتەوە تەنیتا سێ یاری نەبێت، هەردووکیشیان لە یاریگەی ئازادییە لە ئێران بەرامبەر پێرسیپۆلیس، دواتر بەرامبەر ئیستیقلال و دوایین یاسیشی بەرامبەت عەینی ئیماراتییە.
ئەوەی دڵخۆشکەرە، پێرسیپۆلیس و ئیستیقلالیش بارودۆخیان کەمێک لە شوڕتە باشترە و خاڵێک بۆ دوو خاڵ لەپێشن، عەینی ئیماراتیش ئەمساڵ نەهاتی بووە و بە دوو خاڵەوە دوایین پلەی کۆمەڵەکەی هەیە.
بۆیە سەرکەوتن بۆ یانەکەی عێراق لەم سێ یارییەدا چانسی گەڕانەوەی پێدەدات بۆ نێو هەشت یانە کەمەینەکە کە سەرکەوتنیان بۆ قۆناغە یەکلاکەرەوەکان مسۆگەرە.
هەر لەم کۆمەڵەیەشدا، یانەکانی سعودیە کە پێکهاتوون لە هیلال و نەسڕ و ئەهلی سەرکەوتنیان مسۆگەرکردووە، شەڕی پێنج پلەکەی دیکە لەنێوان یانەکانی ئیمارات و قەتەر و ئێران و ئۆزبەکستاندایە، گرنگترینیان یانەکانی وەسڵ، سەد، رەیان و ئیستیقلالن.