خواردنەوەی قاوە تەندروستیی ریخۆڵە دەپارێزێت

ئێستا لە جیهاندا گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندیی نێوان تەندروستیی ریخۆڵە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکە دەدرێت. یەکێک لە بەهێزترین فاکتەرەکانی پاراستنی تەندروستیی ریخۆڵە هاوسەنگیی بەکتریا سوودبەخشەکانە، ناهاوسەنگیی ئەم بەکتریایانە گرێدراون بە هەندێک نەخۆشییەوە، لەوانەش: خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزەفشاری خوێن، شەکرە، قەڵەوی، هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەکان و شێرپەنجە.

قاوە یەکێکە لە بەناوبانگترین خواردنەوەکان و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی جیهان رۆژانە کووپێک یان زیاتر لەم خواردنەوەیە دەخۆنەوە.

چەند توێژینەوەیەک پەیوەندیی نێوان خواردنەوەی قاوە و پاراستنی تەندروستیی ریخۆڵەیان دەرخستووە. یەکێک لەو توێژینەوانە لە ساڵی 2021ـدا کراوە کە دەریخستووە لە 150 جۆری خۆراکدا، قاوە کاریگەرترین بووە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە.

لە توێژینەوەیەکی نوێدا، بۆ باشتر تێگەیشتن لەم پەیوەندییە، تیمێکی بەریتانی و ئەمریکی داتا و زانیارییان لە 22 هەزار و 800 کەس وەرگرتووە، لە داتاکاندا نموونەی پیسایی بەشداربووان کۆکراونەتەوە، پیسایی ئەوانەی قاوەیان خواردووەتەوە بەراوردکراوە بەو کەسانەی قاوەخۆر نەبوون.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت کە خواردنەوەی قاوە جۆرێکی بەکتریا بەناوی لۆسنیباکتەر ئەساکارۆلیتیکەس لە ریخۆڵەدا زیاددەکات، بەجۆرێک ئەوانەی قاوەخۆر بوون رێژەی بەکتریاکە لە ریخۆڵەیاندا هەشت هێندە زیاتت بووە.

هەرچەندە بەتەواوی سوودەکانی ئەم بەکتریایە دەرنەکەوتوون، بەڵام توێژینەوەکە ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە خواردنەوەی قاوە کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی بەکتریاکانی ریخۆڵە هەیە و دەکرێت ئەم کاریگەرییە هۆکاری سوودەکانی قاوە بێت.