ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنەکە، سەرجەم ئەندامانى پەرلەمان سوێندى یاسایی دەخۆن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هۆڵى دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان ئامادەیە و پرۆتۆکۆڵى پەرلەمان بەهەموو شێوەیەک ئامادەکاریی بۆ دانیشتنەکە کردووە.
گوتیشى، "سەنتەرى توێژینەوەى پەرلەمانى کوردستان رێبەرێکى کارى پەرلەمانیى بڵاوکردووەتەوە بەمەبەستى شارەزابوون و ئاشنابوونى ئەندامانى پەرلەمان بە کارى پەرلەمان".
ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان لە 100 کورسى پێکدێت، لەو ژمارەیە، پارتى دیموکراتى کوردستان 39 کورسى، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى، جوڵانەوەى نەوەى نوێ 15 کورسى، یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان 7 کورسى، پێکهاتەکان 5 کورسى، رەوتى هەڵوێستى نیشتمانیى 4 کورسى، کۆمەڵى دادگەرى 3 کورسى، بەرەى گەل 2 کورسى، بزووتنەوەى گۆڕان و هاوپەیمانیى هەرێمى کوردستان هەریەکە و کورسىییەکى پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.