کورد و شیعە و سوننە بە سێ پرۆژەیاسا دانیشتنی ئەنجوومەنى نوێنەران دەستپێدەکەن

دانیشتنێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق

بڕیارە ئەمڕۆ هەریەک لە کورد، شیعە و سوننە، بە سێ پرۆژەیاسا دانیشتنی ئەنجوومەنى نوێنەران دەستپێبکەن، پەرلەمانتارێک دەڵێت "رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر نەبێت، هیچ ئەنجامێکی نابێت".

ئەو سێ پرۆژەیاسایەى کە بڕیارە لە دانیشتنەکەى ئەمڕۆی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدا گفتوگۆى لەسەر بکرێت بریتین لە پرۆژەیاسای هەمواری گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانی کە کورد پێشکەشیکردووە، پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی کە سوننە پشتیوانیی دەکات، پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسیی کە شیعە پشتیوانیی دەکات.

موسەننا ئەمین، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەکەناڵ8ـى راگەیاند، هیچ رێککەوتنێکى کۆنکرێتى لەنێوان کورد، سوننە و شیعەدا نییە، بۆ تێپەڕاندنى ئەو سێ پرۆژەیاسایە کە بووەتە جێی مشتومڕ.

موسەننا ئەمین، راشیگەیاند، ئەگەر پێش دانیشتنەکەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى نوێنەران، رێککەوتن لەنێوان ئەو سێ لایەنە نەکرێت، دانیشتنەکە هەمان دەرەنجامى پێشووى دەبێت و پرۆژەیاساکان تێناپەڕێندرێن.

دوێنێ یەکشەممە 1ـى کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دانیشتنى خۆى ئەنجامدا و بڕیاربوو دەنگ لەسەر ئەو سێ پرۆژەیاسایە بدرێت کە مشتومڕیان لەسەر بوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى لایەنەکانەوە دانیشتنەکە دواخرا بۆ ئەمڕۆ.

ئەم سێ پرۆژەیاسایە لە دانیشتنەکانى پێشتردا خوێندنەوەى یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە، بەڵام بەهۆى ناڕەزایەتیى ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانەوە پەسەند نەکراون.

بەگوێرەى فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنەکەى ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان دەدرێت، کە بە بڕیارى ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی پێشوو لێیان وەرگیراوەتەوە.

بڕیاربوو لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگ لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی سوننەوە دەنگی لەسەر نەدرا.