کۆمەڵى دادگەرى پەرلەمانتارێکى لە ریزەکانى دەرکرد

لۆگۆى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان

ئەنجوومەنى باڵاى کۆمەڵى دادگەری بڕیاریدا بە دەرکردنى پەرلەمانتار هێرۆ عەتار لە ریزەکانى کۆمەڵ بەهۆى ئەوەى لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستاندا بەشداریى کرد.

لە راگەیەندراوێکى ئەنجوومەنى باڵاى کۆمەڵى دادگەریدا ئاماژە بەوە کراوە "ئێمە لە کۆمەڵى دادگەری و لەبەر تەزویر و دیزاینی دەنگ و کورسی بۆ چەند لایەنێک و بۆ ئەوەی بە بەشداریمان نەبینە بەشێک لەو پەرلەمانە دیزاینکراوە، بریاری بەشدارینەکردنماندا. هەر کاندیدێکی لیستی کۆمەڵ پابەند نەبێ ئەوا لە ریزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "هەربۆیە ئەمڕۆ بەهۆی بەشداریکردنی هێرۆ عەتار لە کۆبوونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکە بڕیارماندا بە دەرکردنی ناوبراو لە ریزەکانی کۆمەڵی دادگەری".

کۆمەڵى دادگەرى لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 20ـى تشرینى یەکەم بەڕێوەچوو، دوو کورسى لە بازنەى سلێمانى و کورسییەکى لە بازنەى هەولێر بەدەستهێناوە و بووەتە خاوەنى سێ کورسى، ئەمە لەکاتێکدا لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستاندا، خاوەنى حەوت کورسیى پەرلەمانى کوردستان بوو.