ئیلیزابیس هیوگس گۆسێت منداڵێکی تەمەن 11 ساڵی خەڵکی نیویۆرک بوو لە ئەمریکا، لە ساڵی 1918ـدا دەرکەوت نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەکی هەیە. لەبەرئەوەی لەو کاتەدا ئنسۆلین نەدۆزرابووەوە، چاوەڕواندەکرا ئەوانەی تووشی شەکرە دەبن لە ماوەی چەند مانگێکدا گیانلەدەستبدەن.
دایکوباوکی ئیلیزابیس کۆڵیان نەدا؛ پزیشکێکیان لە ویلایەتی نیوجێرسی هاوسنووری ویلایەتەکەی خۆیان دۆزییەوە کە بە شێوازێکی جیاواز چارەسەری شەکرەی دەکرد: کەمترین بڕی خۆراکی دەدا بە منداڵەکان بۆئەوەی رێژەی شەکری خوێنیان بەرزنەبێتەوە. ئەم کارە تەمەنی منداڵەکانی درێژکردەوە، بەڵام ئەوان نەدەژیان، تەنیا بەزیندوویی مابوونەوە.
لە بەهاری 1919ـدا، دوای ئەوەی ئیلیزابێس سەردانی ئەو پزیشکەی کرد و چارەسەرەکانی وەرگرت، بەرەبەرە بەرەو لاوازبوون دەچوو، بەردەوام سەرمای بوو، نەیدەتوانی بجوڵێت و گەشەی نەدەکرد، کێشی دابەزی بۆ 20 کگم، سێ ساڵ بەم جۆرە بەردەوام بوو و نزیک ببۆوە لە مردن.
لە ساڵی 1921، ئەوەی کە وەکو شتێکی ئەستەم بیری لێدەکرایەوە روویدا، بۆ یەکەمینجار ئنسۆلین بۆ چارەسەری شەکرە پەرەیپێدرا. ئیلیزابێس لە 1922 یەکەمین ژەمی ئنسۆلینی وەرگرت. بەرەبەرە ژیان لەلای ئەو کچە تازەلاوە دەستپێکردەوە، کێشی زیادبوو، دەستیکردەوە بە گەشە و جووڵە. ئەو منداڵەی وا دادەنرا تەنیا چەند مانگێک بژیت، تاوەکو حەفتاکانی تەمەنی ژیا.
ئیلیزابێس هەلی ئەوەی هەبوو کە پزیشکەکەی نیوجێرسی چارەسەرێکی سەختی تاقیکردەوە و ماوەی چەند ساڵێک، تاوەکو ئنسۆلین دۆزرایەوە، ژیانی درێژبووەوە. بەرلەوە، ئەوانەی تووشی شەکرە دەبوون، دوای ماوەیەکی زۆر کەم گیانیانلەدەستدەدا.