سەرچاوەیەکی باڵا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەنییە ئەو 761 ملیار دینارەی بەغداد وەربگرێت، کە بۆ مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە.
دوو رۆژە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 761 ملیار دیناری خستووەتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکەی کەناڵ8 دەڵێت، وەزارەتی دارایی لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاگادارکراونەتەوە ئەو بڕە پارەیە وەرنەگرن، تاوەکو ئەوکاتەی بەغداد پارەی دیکە رەوانە دەکات و کورتهێنانی مووچەی پێ پڕدەکەنەوە.
کەناڵ8 لەگەڵ پێنج سەرچاوە لە هەولێر و بەغداد قسەیکردووە، یەکێکی دیکە لە هۆکاری رازینەبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە وەرگرتنى ئەو بڕە پارەیە، پەیوەندیى بە داواکارییەکى تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراقەوە هەیە، کە بەفەرمى داواى ناردنى داهاتى نانەوتیى پێنج مانگى ئەمساڵی کردووە.
حکومەتی عێراق، داوای داهاتی نانەوتیی مانگەکانى تەممووز و ئاب و ئەیلوول و تشرینى یەکەم و تشرینى دووەمى ئەمساڵ دەکات، کە مانگانە لەنێوان 75 بۆ 85 ملیار دیناردایە و بەکۆى گشتى 400 ملیار دینار دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى عێراق، بۆ کەناڵ8 گوتى، "تەیف سامى، پەیامێکى بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان ناردووە، کە پارەی مووچەى مانگى 10 وەربگرێت، ئەگەر نا، ئامادە نییە تەمویلى مووچەى مانگەکانى11و 12رەوانە بکات" بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، وەزیری دارایی عێراق رژدە لەسەر ئەوەى دەبێت داهاتى نانەوتیش بنێردرێتەوە بۆ بەغداد.
لەبارەی چارەسەرەکان بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگەکانی 10و11و12ـى ئەمساڵ، بەرپرسێکی بانکى ناوەندیى هەرێمى کوردستان دەڵێت، رێگەى یەکەم ئەوەیە بە پارەى ئەو سێ مانگە دوو مووچە دابەشبکرێت، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان نایەوێت پەناى بۆ ببات، بەوپێیەی پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچە و ناردنى داهاتى نانەوتى، پێویستى بە نزیکەى تریلیۆنێک دینار هەیە.
بژاردەیەکی دیکە ئەوەیە، حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشێوەى زارەکی داوایکردووە، داهاتى نانەوتیى شەش مانگى ئەمساڵ بە ژمارە بدرێتە عێراق و نەبڕدرێت لە پشکى مووچە تاوەکو ساڵى نوێ و بە قەرز هەژمار بکرێت.