/

چۆن وەرزشکردن وەکو دەرمان بەکاردەهێنرێت؟

وەرزشکردن وەکو چارەسەر

خەمۆکی یەکێکە لە پەشێوییە دەروونییە باوەکان. دەکرێت لە هەر تەمەنێکدا رووبدات، بەڵام لە کەسانی لاودا باوترە. ئەم حاڵەتە، بە گوێرەی نیشانەکان و کاریگەرییەکەی لەسەر ژیانی کەسەکە، توندییەکەی دەگۆڕێت و دابەشدەرکێت بۆ خەمۆکیی سوک، مامناوەند و توند.

چارەسەرە باوەکانی خەمۆکی، بریتینلە چارەسەرکردن بە دەرمان و چارەسەری دەروونی بە ئاخاوتن، بەڵام بەشێک لە پزیشکانی دەروونی، هەندێجار رێنمایی چارەخوازان دەکەن وەرزشبکەن، واتا وەکو چۆن دەرمانەکان دەخەنە سەر رەچەتەیەک و بە چارەخوازەکە دەڵێن چۆن و کەی بەکاریبهێنێت، بە هەمان شێوە وەرزشیشی وەکو دەرمان بۆ دەنووسن، بەڵام ئایا ئەم وەرزشە چۆن بکرێت و کەی بکرێت تاوەکو کاریگەرییەکەی زیاترببێت وەکو جۆرێک لە چارەسەر؟

وەرزشکردن بە هەموو جوڵەیەک دەگوترێت کە وزەی پێویستە و کەسەکە وزە دەسووتێنێت، بەڵام راهێنانکردن جۆرێکی وەرزشە کە پێشوەختە پلانی بۆ دادەنرێت و لە پێناو ئامانجێکدایە، بۆ نموونە زیادکردنی قەبارەی ماسولکە. ئەوەی کە بۆ چارەسەری خەمۆکی بەکاردەهێنرێت، وەرزشکردنە، نەک راهێنانکردن. واتا دەکرێت هەر جۆرێکی وەرزشکردن بێت، نەک جۆرێکی دیاریکراوی راهێنانکردن.

وەرزشکردن چەندین سوودی دەروونیی هەیە. گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، یارمەتیی رێککردنەوەی خەو دەدات، دەبێتە هۆی باشکردنی میزاج، هەستی متمانەبەخۆبوون زیاددەکات و کاریگەریی دژەخەمۆکی هەیە.

وەکو چۆن لە کاتی نووسینی دەرماندا، پزیشک پلان بۆ چارەخواز دادەنێت و لەگەڵیدا هەوڵدەدات تا بە باشترین شێوە دەرمانەکانی بەکاربهێنێت و رێنمایی دەکات سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بەکارهێنان، پێویستە بە هەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ وەرزشکردندا بکات، بە رادەیەک کە بڕ و ماوەی وەرزشکردن و جۆری وەرزشکردنەکەی بۆ روونبکاتەوە. گرنگیشە، پزیشکان و چارەخوازانیش ئەوە بزانن، وەکو چۆن راهاتن لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمان و دانانی پلانێکی تۆکمە کە چارەخواز پێوەی پابەند دەبێت، راهاتن لەسەر وەرزشکردنیش کاتی پێویستە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی پێشتر وەرزشیان نەکردووە و پێویستە پزیشک لەگەڵ چارەخوازدا، پلانی ورد دابنێت تا ئەو کاتەی دەتوانێت پێوەی پابەند بێت.

سەبارەت بە بڕی وەرزشکردنی هەفتانە، پێویستە چارەخواز هەفتانە، سێ بۆ پێنج جار راهێنان بکات. رەنگە ئەمە بۆ هەندێک کەس سەخت بێت کە هەرگیز وەرزشیان نەکردووە، بۆیە دەکرێت لەو کەسانەدا سەرەتا بە کەمکردنەوەی ئەو کاتانە دەستپێبکرێت کە کەسەکە بە پاڵکەوتن، تەمەڵی و وەرزشنەکردنەوە بەسەریدەبات. دەشتوانێت تەنیا یەک بۆ دوو جار لە هەفتەیەکدا وەرزشبکات.

سەبارەت بە چڕیی وەرزشکردنەکە، دەتوانرێت بە چڕی مامناوەند دەستپێبکرێت، بۆ نموونە لێخوڕینی پاسکیل یاخود مەلەکردن کە لە نێوان ٤٠ بۆ ٦٠ خولەکدا دەخایەنێت. لەو کەسانەشدا کە خەمۆکیی توندیان هەیە و وزەیان کەمە، دەتوانن بە وەرزشی سوک دەستپێبکەن، وەکو رۆیشتنی پیادە و یۆگا.

هاوکات پێویستە پزیشک لە کاتی بڕیارداندا، رای چارەخواز وەربگرێت سەبارەت ە دەستپێکردن یان دەستپێنەکردنی وەرزشکردن و بەشداریپێکردنی لە پلانداناندا. هەروەها رەچاوی نیشانەکانی نەخۆشییەکەشی بکات و ئەو کەسانەی یەکێک لە نیشانە جەستەییەکانیان کەم وزەییە، بە شێوازێکی جیاواز دەستپێبکەن و قۆناغەکانی سەرەتایان جیاوازبێت بەراورد بە کەسانی دیکە. گرنگیشە، چارەخواز پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی هەبێت و کەسانی چواردەوری هانیبدەن لە وەرزشکردندا، وەکو چۆن هانیاندەدەن کە لە کاتی خۆیدا دەرمانەکانیان بخۆن.