لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، بۆئەوەی تەندروستیی دڵت باشتربێت باشترە سەرچاوەی ئەو پڕۆتینەی وەریدەگریت لە جیاتی ئاژەڵی، رووەکی بێت.
پسپۆڕان دەڵێن باشتر وایە تاوەکو پڕۆتینی رووەکی وەستابێت، پڕۆتینی ئاژەڵی لە ژەمە خۆراکییەکاندا نەبێت، ئەمەش لەڕێگەی کەمکردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور و گۆشتی پرۆسێسکراو لەگەڵ زیادکردنی بڕی پاقلەمەنی و گوێز و چەرەسەکان.
لە توێژینەوەکەدا نزیکەی 203 هەزار کەس بەشداربوون، هەموو چوار ساڵ جارێک بۆ ماوەی 30 ساڵ، پرسیار لە بەشداربووەکان سەبارەت بە ژەمەخۆراکییەکانیان و ئەو جۆرە پڕۆتینەی کە بەکاریدەهێنن دەکرا.
لەماوەی توێژینەوەکەدا، نزیکەی 16 هەزار و 100 بەشداربوو تووشی نەخۆشییەکانی دڵ بوون، 10 هەزار کەسیان تووشیی نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ بوون و زیاتر لە 6 هەزار کەسیشیان تووشی جەڵتەی مێشک بوون.
توێژەرانی زانکۆی هارڤارد هەستان بە لێکدانەوەی ئەم ئامارانە و بۆیان دەرکەوت، ئەو کەسانەی لەجیاتی پڕۆتینی گۆشت پڕۆتینی رووەکییان دەخوارد، مەترسیی توشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بەڕێژەی %28 کەمتربوو، هەروەها مەترسیی تووشبوونیشیان بە نەخۆشییەکانی خوێنبەرەکانی دڵیش بەڕێژەی %36 کەمتربوو.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە لە رۆژی دووی کانوونی یەکەمدا لە گۆڤاری کلینیکەڵ نوترشن لە ئەمریکا بڵاوکرانەوە.
پسسپۆڕان ئەوەشیان روونکردەوە کە جێگرتنەوەی پڕۆتینی گۆشت لەلایەن پڕۆتینی رووەکی وەکو پاقلەمەنییەکان و چەرەسەکان، وادەکات چەوریی خوێن داببەزێت، فشاری خوێن رێکبخرێتەوە و هەوکردن لە جەستەدا کەمببێتەوە. هاوکات، پڕۆتینە رووەکییەکان بڕێکی زۆر لە ریشاڵ، ڤیتامینە دژەئۆکسێنەکان، کانزاکان و چەورییە باشەکانیان تێدایە، هەموو ئەمانەش یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەدەن.