ئەمشەو دوایین یاریی کە لە گەڕی 14ــی سێریا ئەی ئەنجامدەدرێت، لە نێوان ئاتالانتا بێرگامۆ و رۆمایە، کە هەردووکیان لە یاریگەی ئۆڵێمپیکۆ کاتژمێر 10:45 رووبەڕوودەبنەوە، هەردووکیشیان بە یەک ئامانجەوە دەچنە یاریگەوە، ئەویش بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە.
ئەگەر باسی رۆما بکەین، ئەم یانەیە هەرچییەک دەکات بارودۆخی هەر خراپە، لەگەڵ هاتنی کلاودیۆ رانیێری وەک راهێنەری نوێ، هێشتا ئەنجامەکان بە دڵی هاندەران نین، ئەوە پێنچ یارییە تامی بردنەوەی نەکردووە.
گورگەکانی رۆما تەنیا لە ساڵی 2024 ئەزموونی سێ راهێنەری کردووە، بەهەرسێکیانەوە تەنیا چوار بردنەوەیان لەم وەرزە تۆمارکردووە، ئێستاش لەگەڵ رانێری هیچ ئەنجامێکییان بەدەستنەهێناوە کە جێی دڵخۆشی هاندەرانیان بێت.
رۆما بە ئامانجی دوورکەوتنەوە لە هێڵی دابەزینەوە ئەم یارییە ئەنجامدەدات، بەڵام هیوایەکی زۆریشی نییە، چونکە رکابەرەکەی ئەمشەوی کە ئاتالانتایە، هەرگیز ئاسان نییە.
لە بەرامبەردا ئاتالانتاش کە لە وەرزی رابردووەوە یەکێکە لە بەهێزترین یانەکانی خولەکە و پلەی دووەمی گرتووە، تەنیا چوار خاڵی جیاوازە لەگەڵ ناپۆلی پێشەنگ، بۆیە ئامانجییەتی جیاوازی خاڵەکانی کەمبکاتەوە بۆ یەک خاڵ و نزیک ببێتەوە لە پێشەنگ.
گەرچی ئەمشەو ئاتالانتا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیەتی، بەڵام ئەمە کێشە دروستناکات، چونکە حەوت یارییە لەسەریەک نەدۆڕاوە و بەرامبەر چەندین یانەی گەورە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بردنەوەی بەدەستهێناوە، رۆماش لە نێو یاریگەی خۆی ئاستی ناجێگیرە و لە دوایین 10 یارییدا چوار شکست و دوو یەکسانبوونیان تۆمارکردووە.
ئەگەر ئاوڕێکیش لە مێژووی رووبەڕووبونەوەی ئەم دوو یانەیە بدەینەوە، 37 جار بەرامبەر یەکدی یارییان کردووە، رۆما بە 17 بردنەوە باڵادەستە و ئاتالانتاش 12 بردنەوەی تۆمارکردووە، هەشت یەکسانبوونیشییان تۆمارکردووە.