بەهۆى تەواونەبوونى رێژەى یاسایى، دانیشتنى دەستپێکى پەرلەمانى کوردستان هەڵگیرا و بەو هۆیەوە دەستەى سەرۆکایەتى هەڵنەبژێردرا.
محەمەد سڵێمان، سەرۆکى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەمیانەى کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانى رایگەیاند "پەرلەمان لە پشوودا دەبێت تاوەکو رێژەى یاسایى دانیشتنەکان تەواو دەبێت".
ئەمڕۆ دانیشتنى دەستپێکى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنەکەش، بەربژێرە سەرکەوتووەکان سوێندى یاساییان خوارد، بەڵام بەهۆى نەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران، نەتوانرا دەستەى سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت و دانیشتنەکە هەڵگیرا.
لەکۆبوونەوەکەى ئەمرۆى پەرلەمانى کوردستاندا، محەمەد سڵێمان، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، وەک بەتەمەنترین بەربژێرى سەرکەوتوو، دواى ئەوەى سوێندى یاسایی خوارد، وەکو سەرۆکى بەتەمەنى پەرلەمان وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئەمرۆ بەفەرمى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەستپێدەکات.
دواتر دەرگاى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستەکانى سەرۆک و جێگر و سکرتێرى پەرلەمانى کوردستان کرایەوە، 16 کەس خۆیان بۆ پۆستەکان بەربژێرکرد، بەهۆى نەبوونى رێژەى یاسایی ئامادەبوونى پەرلەمانتاران، کۆبوونەوەى پەرلەمان دواخرا، پاش نیو کاتژمێرى دیکە زەنگى چوونەژوورەوەى پەرلەمانتاران لێدرا، بەڵام بۆ جارى دووەم رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەى کۆبوونەوەکە نەبوون و کۆبوونەوەکە دواخرا.
ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان لە 100 کورسى پێکدێت، لەو ژمارەیە، پارتى دیموکراتى کوردستان 39 کورسى، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى، جوڵانەوەى نەوەى نوێ 15 کورسى، یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان 7 کورسى، پێکهاتەکان 5 کورسى، رەوتى هەڵوێستى نیشتمانیى 4 کورسى، کۆمەڵى دادگەرى 3 کورسى، بەرەى گەل 2 کورسى، بزووتنەوەى گۆڕان و هاوپەیمانیى هەرێمى کوردستان هەریەکە و کورسىییەکى پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.