ماکس ڤێرشتاپن ناسناوی پێشبڕکێی قەتەری بەدەستهێنا

ئەوەی چاوەڕێ نەدەکرا لە پێشبڕکێی قەتەر روویدا... کاتێک لاندۆ نۆریس بەهۆی پەناڵتییەوە یەکەم بوونی لەدەستدا و ماکس ڤێرشتاپن توانی پلەی یەکەمی پێشبڕکێیەکە یەکلاییبکاتەوە.

جۆرج رەسڵ، شۆفێری تیمی مێرسیدس، لاندۆ نۆریس و ئۆسکار پیاستری، شۆفێرانی تیمی ماکلارێن پلەی یەکەم تاوەکو سێیەمی قۆناغی پاڵاوتنەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام بە پێچەوانەوە ڤێرشتاپن کە پاڵەوانی 2024ـە لەم پێشبڕکێیەش خۆشی لە شۆفێرەکانی دیکە بڕی و بەهۆی سزای نۆریسەوە توانی بگاتە پلەی یەکەم.

ڤێرشتاپن لە قۆناغی پاڵاوتنەکان بەهۆی بەرییەککەوتنێکەوە پلەی یەکەمی لێسەنداریەوە و درا بە رەسڵ، ئەویش نەیتوانی کێبڕکێی ناسناوەکە بکات.

لە کۆتاییشدا ماکس ڤێرشتاپن، شۆفێری تیمی رێدبوڵ و چارلز لێکلێر، شۆفێری تیمی فێراری و ئۆسکار پیاستری، شۆفێری تیمی ماکلارێن پلەی یەکەم تاوەکو سێیەمی پێشبڕکێی قەتەریان یەکلاییکردەوە.

هێشتا یەک پێشبڕکێ ماوە تاوەکو فێراری و ماکلارێن ناسناوی باشترین تیم لە رووی ئەندازیارییەوە یەکالاییبکەنەوە، ئەنجامەکەش دوای پێشبڕکێی ئەبو زەبی دەردەکەوێت کە دەکەوێتە رۆژانی 6 بۆ 8ــی ئەم مانگە و دەشبێتە دوایین پێشبڕکێی وەرزی 2024.

ئۆسکار پیاستری، ماکس ڤێرستاپن و چارلز لێکلێر.