ماوەیەکە پرسیار دەکرێت، چی بەسەر راهێنەرە گەورەکان هاتووە، لە نمونەی کارلۆ ئەنچیلۆتی و پێپ گواریۆلا، گواردیۆلا شەش یارییە لەسەریەک شکست دەهێنێت کە ئەم ریکۆردەکەش لە 2018ــەوە رووینەداوە، هاندەرانیش لە دوایی یارییەکەی مان سیتی بەرامبەر لیڤەرپوول، هاوارییان بۆ راهێنەرە دەکرد و پێیان دەگووت دەرکراوی.
مان سیتی چوار جار پاڵەوانی لەسەریەکی پرێمەرلیگ، ئەو یانەیەی لەگەڵ گواردیۆلا چوارساڵە رێنادات یانەکانی دیکە ناسناوی ناوخۆ ببەنەوە، کەچی شەش یارییە کەس هیوا بە حاڵی ناخوازێت، وەکو چۆن لە ئیسپانیا دەنگۆ هەبوو یان رۆژنامەکان باسیان دەکرد کە بۆ نمونە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید دووردەخرێتەوە، بەهەمان شێوە رۆژنامەکانیش باس لە دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی مان سیتی دەکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی گواردیۆلا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دەڵێت لەوانەیە شایەنی ئەوە بێت کە دەربکرێم...
شانازی دەکەم بەو ئاستەی پێشتر بەرامبەر لیڤەرپووڵ پێشکەشمان کردووە، بەڵام بەراستی چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد کە ئاوا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بیوەڵام بدۆڕێین، ئینجا لە نێو یاریگەش پێیان دەگوتم دەبێت دەربکرێم، لەوانەشە شایەنی ئەوەبم دەربکرێم، لەوانەشە بەهۆی ئەوەی ناسناوی زۆرمان بردووەتەوە بۆیە هێشتا لێرە ماومەتەوە، دەزانم دەبوایە باشتر بین، وەک وتم بەراستی چاوەڕێی دوو گۆڵ نەبووم لێمان بکرێت، بەهەرحاڵ ئەوەی روویدا روویدا، ئەمە جیهانی تۆپی پێیە و کاتێک دەیبەیتەوە پێدەکەنی، کاتێکیش تووشی شکست دەبیت ئەوان پێت پێدەکەنن، ناچاریشی قبوڵی بکەیت، پێشتریش ئەم قسانەم بە یۆرگن کلۆپم دەگووت، کە هەمیشە رکابەریی لیڤەرپووڵ جیاواز و لەبیرناکراوە، بۆ هەتا هەتایەش هەر وا دەبێت.
پێپ گواردیۆلا ، راهێنەری مان سیتی.
پێپ گواردیۆلا ناسراو بە فەیلەسوف، گرێبەستەکەی لەگەڵ مان سیتی تاوەکو هاوینی 2026 نوێکردووەتەوە، لە 2016وە کە پەیوەندیی بە سیتییەوە کردووە، یانەکەی کردە خاوەنی شەش ناسناوی پرێمەرلیگ و ناسناوێکی چامپیۆنزلیگ، کە یەکەمین ناسناوی ئەوروپییە لە مێژووی یانەکەی شاری مانچێستەر، هەروەها یەکەمین راهێنەریشە کە چوار ناسناوی لەسەریەکی پرێمەرلیگی چنیوەتەوە و لە ساڵی 2023دا توانیویەتی سیانەی پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگ و جامی یەکێتیی یانە ئینگلیزییەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە.