کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بۆ کەناڵ8: دەست بە تۆمارى بایۆمەترى دەکەینەوە

test
کارتێکى دەنگدان لەناو ئامێرێکى ئەلیکترۆنى دەنگداندا

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، لە هەرێمى کوردستان دەست بە تۆمارى بایۆمەتریى دەنگدان دەکەنەوە، بەڕێوەبەرى ئۆفیسى دهۆکى کۆمیسیۆنەکەش دەڵێت، "دەنگدەرانى هێزە تایبەتەکان و ئەوانەش کە پێشتر کارتى دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانن بێن کارتەکانیان وەربگرنەوە".

خالید دۆسکى، بەڕێوەبەرى ئۆفیسى دهۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، بەر لە پرۆسەى هەڵبژاردن ئەو کارتانەى دەنگدان کە هاونیشتمانییان وەریان نەگرتووەتەوە و گەڕێندرانەوە بۆ بەغداد، ماوەى هەفتەیەکە بۆ ئۆفیسەکانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان هاتوونەتەوە، پاش بەدەستگەیشتنى بڕیارەکەى کۆمیسیۆن ئەو کارتانە و کارتى دەنگدەرانى تایبەت دەدەنەوە خاوەنەکانیان.

گوتیشى، پرۆسەى بایۆمەتریى کارتى دەنگدان دەستپێدەکاتەوە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لەدایکبووانى ساڵى 2007 تۆمارکراون و بۆ ساڵى داهاتوو لەدایکبووانى ساڵى 2008 کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان بۆ دروستدەکرێت.

لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق پرۆسەى تۆمارى کارتى بایۆمەتریى دەنگدان بەردەوامە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان بەهۆى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەم پرۆسەیە راگیرابوو.

loading....