سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەوەی لە سووریا روودەدات، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، رەتیشیدەکاتەوە هیچ هێزێکیان رەوانەی سووریا کردبێت.
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاى فەرمیی عێراق رایگەیاندووە، "ناوچەکە بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت و جێگەی نیگەرانییە، بەڵام مایەی ترس و دڵەڕاوکێ نییە و پێویستە هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن".
ئاماژەى بەوەش کرد، "حەشدی شەعبی و تەواوی هێزە ئەمنییەکان لە ژێر فەرمانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکاندان، رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش بریتییە لە زیادکردن و پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکان لەسەرجەم بەرەکاندا".
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاشکرایکردووە، ئەوەی لە سووریا روودەدات هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بەڵام عێراقی ساڵی 2024 بەتەواویی جیاوازە لە عێراقى 2014.
فەیاز رەتیکردەوە، حەشدی شەعبی هیچ هێزێکی رەوانەی سووریا کردبێت و رایگەیاند،"ئەرکی هێزەکانمان لە خاکی عێراقە و لە دەرەوە هیچ ئەرکێکیان نییە".