تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند
![test](https://media8.fra1.digitaloceanspaces.com/kurdish/wp-content/uploads/2024/02/LOGO_20244.webp)
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، ئەرەن کزڵداغ، سەربازی هەمیشەیی سوپای تورکیا پاش برینداربوونی، گیانیلەدەستداوە.
سەربازەکەی سوپای تورکیا تەمەنی 25 ساڵە و لە ناوچەی ئۆپراسیۆنی چنگ قفڵ رۆژی 16ـی تشرینی دووەم، لە ئەنجامی هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بە سەختی برینداربووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە مانگی رابردوودا یەک سەرباز و ئەم مانگەش تاوەکو ئێستا یەک سەربازی سوپای وڵاتەکە لە هەرێمی کوردستان کوژراون.
سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنی چنگ-قفڵی لە نیسانی 2022دا، لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین-باسیان دەستیپێکرد. کە ئامانج لێی تەواوکردنی ئەو پشتێنە ئەمنییەیە کە تورکیا لەسەر سنووری نێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان دروستیدەکات.
رۆژی 26ـی تشرینی دووەم، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند؛ قفڵەکەیان لە ناوچەی زاپ داخستووە، واتە پشتێنە ئەمنییەکەیان تەواوکردووە.