هەسەدە: حەوت گوندى رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەپارێزین

هێزێکى (هەسەدە) لە نزیک شارى دێرەزۆر. فۆتۆ:AP

هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئەرکى پاراستنى حەوت گوندیان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ریفی دێرەزوور گرتووەتە ئەستۆ.

3ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزووری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن، بەهۆی بوونی مەترسی پەیوەست بە چالاکیى شانەکانى سەربە رێکخراوی چەکداریی داعش و هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە، بەتایبەتی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی دێرەزوور، ئەرکی پاراستنی ئەو حەوت گوندەیان گرتووەتە ئەستۆ.

هەسەدە لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو گوندانەی ئێستا پارێزگاریی لێ دەکەن، هەریەک لە گوندەکانی ساڵحییە، تابییە، حتڵە، خشام، مەرات، مەزڵوم و حسێنییەن و دەکەونە ریفی دێرەزووری رۆژهەڵات.

هەسەدە دەشڵێت، "بوونی هێزەکانمان لەو ناوچانە و پاراستنیان، لەسەر داواکاریی دانیشتووانی ئەو گوندانە خۆیان بووە".