بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بڕی زیاتر لە 130 ملیۆن دینار لە بودجەی گشتیی داهاتی کارەبا تەرخاندەکرێت بۆ تۆڕی رووناککەرەوەی ناوشار.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکى بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕی 130 ملیۆن و 20 هەزار دینار لهسهر بودجهی داهاتی 8%ـی كارهبا تەرخانکراوە و ماوەی 150 رۆژ دیاریکراوە بۆ کڕینی ستوونەکانی رووناککردنەوە.
سیروان محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە کەناڵ8ی گوت، "کڕینی ستوونەکان بۆ هەڵگرتن و دانانێتی لەناو گەنجینەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا و لەکاتی پێویستدا بۆ ناو شار دادەنرێن و سەرچاوەی کارەباکەشی لە تۆڕی گشتیی کارەباوە بەدەست دێت".
گوتیشی، " ئێستا زیاتر لە 10 پرۆژەی دانانی ئینارە و ستوونی کارەبا لەبواری جێبەجێکردندایە".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێستا لە سلێمانی رۆژانە 6 بۆ 8 کاتژمێر کارەبای نیشتمانیی بە هاونیشتمانییان دەدرێت و پشکی کارەبا بۆ پارێزگاکە 28.7٪ـی کۆی گشتیی دابینکردنی کارەبای هەرێمی کوردستانە، کە دەکاتە 700 بۆ 750 مێگاوات.
بەگوێرەى دوایین داتاى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت، لەکاتێکدا خواستی گشتی شەش هەزار و 700 مێگاواتە و پلان دانراوە تاوەکو ساڵی 2026 کارەبای نیشتمانی بکرێتە 24 کاتژمێریی.