پاش رێکنەکەوتنى پەرلەمانتاران بۆ دەنگدان لەسەر سێ پرۆژەیاسا مشتومڕئامێزەکە، ئەمڕۆ جارێکى دیکە، ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە هەمان کارنامەى رۆژى دووشەممە، کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایانە.
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە کۆبوونەوەى دوێنێیدا، بە یەک پاکێج خوێندنەوەى بۆ تەواوی بڕگەکانی پرۆژەیاساکانی هەمواری یاسای بارى کەسیی و پرۆژەیاسای گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی ئەنجامدا، بەڵام دەنگدان بە کۆی پرۆژەیاساکان، بەهۆی ناکۆکی نێوان پەرلەمانتارانەوە دواخرا.
پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لەلایەن فراکسیۆنە کوردییەکانەوە پشتیوانیی لێدەکرێت، پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای لێبووردنی گشتی، سوننەکان پشتیوانیی دەکەن و پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسیی، شیعەکان پشتیوانیی لێدەکەن.
ئەم سێ پرۆژەیاسایە لە دانیشتنەکانى پێشتریشدا خوێندنەوەى یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە، بەڵام بەهۆى ناڕەزایەتیى ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانەوە، نەخراونەتە دەنگدانەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، نۆى ئەم مانگە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پشووى وەرزیی دەستپێدەکات، کە ماوەى مانگێکە.