چوارچێوەی هەماهەنگی: ئاسایشی سووریا ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە

کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

چوارچێوەی هەماهەنگی، لەبارەى دۆخى سووریا کۆبووەوە و رایگەیاند، "ئاسایشی سووریا ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە".

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەتەوە و نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دۆخی سووریاوە دەربڕیوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "ئاسایشی سووریا درێژەپێدەری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە و لەرووی دراوسێیەتی جوگرافییەوە رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی وڵاتانی دراوسێى دەبێت".

چوارچێوەکە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و هێزەکانی وڵاتەکەى بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریاى بەرزنرخاندووە.

هاوکات، هەڵوێستی هەندێک لە حکومەتە عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیشی بەرزنرخاندووە، بەهۆى ئەوەی بەرامبەر پێشێلکاریی سەروەریی دەوڵەت وەستاونەتەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوەکەیاندا دڵنیاییان داوەتە گەلی عێراق، دوای ئەو شەڕە میدیایی و دەروونییە نەکەون کە بانگەشەی ناڕاست دەکەن و سنوورەکانى عێراق پارێزراوە.