بایرن میونشن و لیڤەرکوزن لە جامی ئەڵمانیا رووبەڕوودەبنەوە

بایرن میونشنی پێشەنگی بۆندسلیگا، لە قۆناغی 16ی جامی ئەڵمانیا کە بە "دی ئێف بی پوکال" ناسراوە، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە ئەلیانز ئارێنا بەرامبەر بایەر لیڤەرکوزنی پاڵەوانی وەرزی رابردوو یاریدەکات.

ئەمشەو یارییەکە یەکلاکەرەوەیە، دەبێت جەمسەرێکیان بگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و ئەوی دیکەیان ماڵئاواییبکات.

بایرن لەم وەرزەدا بە سەرپەرشتیی ڤینسنت کۆمپانی ئاستێکی بەرزی نیشانداوە و بە جیاوازیی حەوت خاڵ لەپێش لیڤەرکوزنە، یانەکەی باڤاریا لە باشترین بارودۆخیدایە و لەکۆی هەشت یاریی رابردوو حەوت سەرکەوتن و یەکسانبوونێکی هەبووە.

تیپەکەی کۆمپانی، هەرچەندە خاوەنی 20 ناسناوی جامی ئەڵمانیایە و لەمەشدا هاوتای نییە، بەڵام لە 2020وە هیچ کاتێک نەبوونەتە پاڵەوانی ئەم جامە و دەیانەوێت ئەم وەرزە قەرەبووی چوار ساڵی رابردووی هاندەرانیان بەم جامە نقێمدارە بکەنەوە.

بایەرلیڤەرکوزن، ئەمشەو رکابەرێکی ئاسان نابێت بۆ بایرن میونشن، ئەم یانەیە وەرزی رابردوو نەک هەر بۆندزلیگا، بگرە جامی ئەڵمانیاشی بەدەستهێنا و لە یاریی کۆتاییدا بەسەر کایزەرسلاوتندا سەرکەوت.

یانەکەی لیڤەرکوزن چوار یارییە بەرامبەر بە بایرن نەدۆڕاوە و لە 2015وە یارییەکی ئەم جامە نەبووە نەتوانێت گۆڵی تێدا تۆماربکات.

ئەوەی بۆ هەودارانی چابی ئەلۆنسۆ و لیڤەرکوزن بووەتە گومان ئەوەیە، کە لەم وەرزەدا هاوشێوەی وەرزی رابردوو لە ترۆپکی تواناکانیاندا نین و هەمان ئەو لیڤەرکوزنە نین کە وەرزی رابردوو بەسەر بایرندا سەردەکەوت، بۆیە بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن بایرن بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهینێت.

لەرووی پێکانەکانیشەوە، هەردوو یانە کەموکورتییان هەیەل لە بایرن هاری کەین و پێنج یاریزانی دیکە یاری ناکەن، لە لیڤەرکوزنیش ڤیکتۆر بۆنیفاس، هۆفمان و ئەمین عەدلی و دوو یاریزانی دیکە بەشداری ناکەن، کە سەرجەمیان بۆ پێکهاتەی چابی ئەلۆنسۆ گرنگییان هەیە.