هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانى بۆردوومان کرد

test
بۆردوومانکردنى گرووپە چەکدارەکانى سووریا. فۆتۆ: AP

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ریفی دێرەزوور بۆردوومان کرد، هەسەدەش دەڵێت، ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنەسەر چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپانە دەکات.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە "فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێرشیانکردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە بیابانەکانی قۆرییە و مەیادین لە ریفی دێرەزوور".

بەگوێرەى روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، دوای بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی کۆنیکۆ، بە تۆپهاوێژ پێگە و بارەگای هێزەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانیان لە ناوچەی گوندەکانی ئەلسەبع کردووەتە ئامانج.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بۆردوومانانەی هێزەکانی هاوپەیمانان، هاوکاتن لەگەڵ کۆکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەی مەعامل.

باسلەوەشکراوە، کۆکردنەوەی هێز لەلایەن هەسەدەوە، هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی رووسیا لە ناوچەکە و ئامادەکارییان بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان.

گوندەکانی ئەلسەبع، ناوچەیەکی ستراتیجیی گرنگن و دەکەونە خۆرهەڵاتی رووباری فورات و هاوسنوورن لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، بەپێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوپای سووریا، کە دەکەونە ئەوبەری رووبارەکە.