مردنی بەیاریدە بریتییە لە پێدانی مافی مردن بەو کەسانەی تەمەنیان سەروو 18 ساڵە و لەبەرئەوەی نەخۆشییەکی درێژخایەنیان هەیە و نەخۆشییەکەیان ئەگەری چاکبوونەوەی نییە دەیانەوێت بمرن. ئەم جۆرەی مردن، زۆرجار بە یارمەتیی پزیشک دەکرێت و لەڕێی پێدانی دەرمانەوە، چارەخوازەکە بە ئارامی دەمرێت.
ئەم بابەتە لە چەند وڵاتێک بە یاسا رێکخراوە و رێپێدراوە، لەو وڵاتانەش، هۆڵەندا، بەلجیکا، چەند ویلایەتێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەندێک ناوچەی ئوسترالیا، لە هەریەک لە وێڵز و ئینگلاندیش، ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان لە بەرژەوەندیی پرۆژە یاساکە دا و بەمزووانە دەبێتە یاسا و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مردنی بەیاریدە یەکێکە لەو بابەتانەی لە زانستی پزیشکیدا رای جیاوازیی لەسەرە و لە رابردوودا جێی دیبەیت و مشتومڕی زۆر بووە. کەسانێک بە تاکە رێگەی دەربازبوون لە ئازار و ناڕەحەتیی بەردەوامی دادەنێن و پێیانوایە ئەگەر کەسێک نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبێت و رۆژانە لە ئازارێکی زۆردا بێت، هەموو رۆژێکی مردنە و ئەم رێگەیە، ئەگەر خۆی ویستی لەسەری بێت، لەو ژیانە باشترە کە بە ئازار، بە نەخۆشیی بەردەوام و بە خواردنی دەرمانی رۆژانەوە بەسەرببرێت. کەسانێکیش هەن، پێیانوایە ژیان و نەخۆشیی کەسێک چەند قورس و ماندووکەر بن، مانای ئەوە نییە کە مرۆڤێک بۆی هەبێت ژیانی مرۆڤێکی دیکە کۆتایی پێبهێنێت و لە خۆکوشتنیدا یارمەتیی بدات.
ئەندام پەرلەمانەکانی ئینگلاند و وێڵز بە دەنگی زۆرینە پرۆژە یاساکەیان پەسەندکردووە، بەڵام سەرەڕای مشتومڕە زۆرەکان لەسەری، بڕیارەکە بڕیارێکی سادە نییە و ئەمە مانای ئەوە نییە هەرکەسێک ویستی کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، بڕیاربدات و راستەوخۆ بچێت داوای یارمەتی لە پزیشکەکە بکات. مردنی بێ ئازار یان مردنی بەیاریدە، لە یاساکەدا کۆمەڵێک مەرجی سەرەکیی هەیە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- دەبێت کەسەکە تەمەنی سەروو 18ساڵ بێت، لە ئینگلاند یان وێڵز نیشتەجێبێت و لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا لەلای پزیشکێکی گشتی ناوی تۆمارکرابێت.
- لە رووی دەروونییەوە توانای بڕاردانی هەبێت و بە روونی و جێگیری ویستی خۆی نیشاندابێت و بڕیارەکەی لەژێر هیچ فشارێکدا نەدابێت.
- کەسەکە بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت لە شەش مانگی داهاتوودا بمرێت
- دوو بەیاننامەی جیا بنووسێت، کە تێیدا ویستی کەسەکە بۆ مردن بە روونی نووسرابێت و واژووکرابن
- دوو پزیشکی سەربەخۆ، بە مەرجێک لە رووی زانستییەوە توانای بڕیاردانیان هەبێت و ماوەی بینینیان حەوت رۆژی نێوان بێت بڕیارەکان پشتراستبکەنەوە