دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی بۆ توێژینەوەی ئاشتی لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەیدا رایگەیاند، قەبارەی فرۆشی چەک و تەقەمەنی لە جیهان لەساڵی 2023دا زیادیکردووە و بۆ ئەمساڵیش بەردەوامدەبێت لە بەرزبوونەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتی و توێژینەوە (SIPRI)، ساڵی 2023 رێژەی فرۆشی چەک و کەرەستەی سەربازیی لەسەر ئاستی جیهان 4.2% زیادیکردووە و قەبارەکەی گەیشتووەتە 632 ملیار دۆلار.
بەهۆی بەردەوامیی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، 100 کۆمپانیا لەسەر ئاستی جیهان رێژەی فرۆشیان زیادیکردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان زۆرترین قازانجیان کردووە بەهۆی فرۆشی چەک و کەرەستە سەربازییەکانیان، بەجۆرێک داهاتیان نزیکەی نیوەی داهاتی خەرجییە سەربازییەکانی جیهانە و قەبارەکەی گەیشتووەتە 317 ملیار دۆلار، بەڕێژەی 2.5% لەماوەی ساڵێکدا گەشەیان کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەنێو کۆمپانیا ئەوروپییەکاندا بە بێ رووسیا، چوار کۆمپانیای ئەڵمانی لەنێو 100 کۆمپانیادا زۆرترین داهاتیان لە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازیی بەدەستهێناوە لەناو ئەوروپا و داهاتیان گەیشتووەتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار و گەشەیان بەڕێژەی 7.5% تۆمارکردووە.
رووسیا بە دوو کۆمپانیا هاتووەتە ریزبەندییەکەوە، تەنیا یەک کۆمپانیایان کە سەر بە دەوڵەتە، زۆرترین داهاتی هەبووە، ناوی رۆستێک-ە و قەبارەی خەرجییە سەربازییەکانی گەیاندووەتە نزیکەی 26 ملیار دۆلار و رێژەی خەرجییەکانی بەرزکردووەتەوە بۆ 40%.
لە پاش کۆمپانیا ئەوروپییەکان، 23 کۆمپانیای کۆری و ژاپۆنی لە باشترین کۆمپانیاکانی ئاسیان، بەجۆرێک رێژەی فرۆشیان 5.7% زیادیکردووە و بە تێکرا داهاتییان گەیشتووەتە 136ملیار دۆلار.
هەروەها لەو 100کۆمپانیایە شەش کۆمپانیا بنکەی سەرەکییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەهۆی شەڕی غەززەوە تێکڕای داهاتی فرۆشی چەکەکانیان 18% زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 19 ملیار دۆلار، لەنێویشیاندا کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان بەرزترین رێژەیان تۆمارکردووە و بەتەنیا 13ملیار دۆلاری ئەو ژمارەیە پێکدەهێنن.