پرۆتین یەکێکە لە سەرچاوە خۆراکییە بنەڕەتییەکان، سەرچاوەی رووەکی و ئاژەڵی هەن بۆ دەستکەوتنی پرۆتین. توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات سەرچاوە رووەکییەکانی پرۆتین تەندروسترن لە سەرچاوە ئاژەڵییەکان.
توێژینەوەکە بۆ ماوەی 30 ساڵ چاودێریی تەندروستیی نزیکەی 30 هەزار کەسی کردووە. لەم ماوەیەدا 16,100 کەس تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بوون، کە 10 هەزار لەم حاڵەتانە نەخۆشیی بۆرییەکانی دڵ بوون و شەش هەزاریشیان تووشی جەڵتەی مێشک بوون.
کاتێک توێژەران بەراوردی جۆری خۆراکی ئەو کەسانەیان کردووە کە بەشداربوون، بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی زیاتر لەڕێگەی سەرچاوە رووەکییەکانەوە پرۆتین وەردەگرن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بە %19 و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی بۆرییەخوێنەکانی دڵ %27 کەمتر بووە لە کەسانی دیکە.
ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە باس لەوە دەکەن باشترین رێگە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، پشتبەستنە بە رێجیمێکی خۆراکی تەواو رووەکی، خۆ ئەگەر کەسێک نەیتوانی ئەوە بکات، دەتوانێت رێژەی 1:2 بەکاربهێنێت، واتە سێیەکی پرۆتینی پێویست لە رووەکەوە وەربگرێت و سێدووشی لە سەرچاوە ئاژەڵییەکانەوە.
سەرچاوە رووەکییەکانی پرۆتین زۆرن و دەکرێت لەم خۆراکانەوە بڕێکی باش لە پرۆتین وەربگیرێت: نیسک، نۆک، فاسۆلیا، پاقلەی سۆیا (گۆشتەوشکە)، چەرەس و گوێز، سپێناخ و برۆکلی.