بۆ هاوتاکردنى مووچە شاندێکی حکومەتى هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغداد

دینارى عێراقى

لە رۆژی جیهانیی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغداد.

چوونی ئەو شاندە بۆ چەند پرسێکە لەوانە، هاوتاکردنی مووچەی کەمئەندامان و بەستنی مووچەی چاودێریی خێزانی و چەند بابەتێکی دیکە.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە بۆ کەناڵ8 ئەوەی خستەڕوو، شاندەکەیان بە سەرۆکایەتیی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەچێتە بەغداد.

یوسف چاوشین باسیلەوەشکرد، ئامانجی سەردانەکەیان بۆ بەغداد بۆ کۆمەڵێک پرسە لەوانە، هاوتاکردنی مووچەی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، پێدانی مووچەی چاودێریی خێزانی و پێدانی دوو سەبەتەی خۆراکی هاوشێوەی بەغداد کە ساڵانە بەسەر کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دابەش دەکرێت.

لە هەرێمی کوردستان لەرێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە، زیاد لە 73 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچە وەردەگرن، ئەو شاندەشی ئەمڕۆ دەچێتە بەغداد، بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیاد لە 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتە کە لەڕووی دەروونییەوە نەخۆشن (شیزۆفرینیا)،هاوکات هێشتا 15 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت ماوە بۆ وەرگرتنی مووچە تۆمار بکرێن و لەماوەی داهاتوودا لیژنەیان بۆ پێکدەهێندرێت بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی کەمئەندامییان.