سێ فەرمانگەى سلێمانى لەبارەى وەرگرتنى زەوى ئاگاداردەکرێنەوە

سێ فەرمانگەى سلێمانى لەبارەى پێدانى زەوى بە فەرمانبەرەکانیان ئاگاداردەکرێنەوە، کە بەگوێرەى رێنمایی وەزارەتى شارەوانى، سودمەند نەبوونى فەرمانبەرەکانیان لە وەرگرتنى زەوى بسەلمێنن، بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8، وەزارەتى شارەوانى لە ئامادەکاریدایە بۆ راگەیاندنى دابەشکردنى 10 هەزار پارچە زەوى دیکە لە سلێمانى.

تەلار نەجات، بەڕێوەبەرى لیژنەى دابەشکردنى زەوى لە سلێمانى بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "لە قۆناغى یەکەمدا، لەدواى شارەوانى سلێمانى، فەرمانى پێدانى زەوى بە فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتى گشتیی کارەباى سلێمانى و بەرێوەبەرایەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى سلێمانى گەڕاوەتەوە و نووسراویان بە فەرمى ئاراستەى ئەو شوێنانە کردووە، بۆ ئەوەى ناوى فەرمانبەرەکانیان ئاراستەى وەزارەتەکە بکەن.

گوتیشى، پێویستە ئەوانەى ناویان بەرزدەکرێتەوە لە فەرمانگەکانیان، بەگوێرەى مەرج و رێنماییەکانى وەزارەتى شارەوانى، لەرێگەى فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى تاپۆوە بسەلمێندرێت، سوودمەند نەبووە.

بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8 لەدواى تەواوبوونى رێکارەکانى پێدانى زەوى بەو سێ فەرمانگەیە، کە لەچوارچێوەى قۆناغى یەکەمدایە، بۆ قۆناغى دووەم وەزارەتى شارەوانى، رەزامەندیی لەسەر پێدانى زەوى بە نزیکەى 10 هەزار فەرمانبەرى دیکە لەسنوورى پارێزگاى سلێمانى رادەگەیەنێت.