لیژنەی ئەمنیی سلێمانی: لە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان پاشگەزنابینەوە

لیژنەی ئەمنیی سلێمانی رایگەیاند، هەندێک هەواڵی ناڕاست لەبارەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بڵاوکراونەتەوە، گوایە ئەو بڕیارە هەموو ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا ناگرێتەوە، بە هەموو لایەنێک رادەگەیەنین بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی و پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە نەکراوە.

لیژنەی ئەمنیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چەند میدیایەک ھەواڵێکی ناڕاست، بەمەبەست و چەواشەکارانە بڵاوکراوەتەوە کە گۆڕانکاری لە بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کراوە، یاخود بڕیارەکە گۆرانکاری بەسەردا ھاتووە و ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا ناگرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکە ئاماژەبەوەشکراوە، بە هەموو لایەک رادەگەینن، ئەم ھەواڵە دوورە لە راستییەوە و بەھیچ جۆرێک ھیچ پاشگەزبوونەوە و گۆرانکاری بەسەر بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان نەھاتووە، چونکە بڕیارێکی سەرپێیی نەبووە و زۆر بە وردی توێژینەوەی بۆ کراوە و کۆدەنگی و ھەماھەنگیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەرە.

لیژنەی ئەمنیی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، بەتەواوی نیازمانە کۆتایی بە پاشاگەردانی، یاساشکێنی، شێواندنی سیمای شارستانی و ئارامیی شاری سلێمانی بهێنین، زۆر رشد و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ھەر بڕیارێک کە بڕیاری لەبارەوە دەدەین .