زۆرن ئەو شتانەی هۆکارن بۆ زیانگەیاندن بە ژینگە. هەندێک هۆکار هەن کە بەگوێرەی پێویست باسناکرێن و کاریگەریی گەورەیان هەیە، لەناویاندا چۆنێتیی دروستکردنی خانووەکانە، هەر لەو ماددانەوە کە تێیدا بەکاردەهێنرێت تاوەکو شێوازی دروستکردن و پێداویستییەکانی ناوی.
بەهۆی گرنگیی بابەتەکەوە، حکومەتی عێراق لەڕێگەی نوێنەرەکانیان لە کۆنفرانسی کۆپ29ـی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا رایگەیاند کە لەمەودوا پشتگیریی بنیادنانی خانووی دۆستی ژینگە دەدات.
سوودەکانی ئەم جۆرە خانووەش ئەمانە دەگرنەوە:
- بەکارهێنانی وزە بە رێژەی %50 کەمدەکاتەوە
- پێنج تۆن کەمتر دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەخاتە هەواوە (هاوتای 150-200 دار)
- هەوای ناوماڵ بەرێژەی %50 پاکدەکاتەوە
چۆن دەکرێت خانووی دۆستی ژینگە دروستبکەیت؟
کاتێک دەگوترێت خانووی دۆستی ژینگە واتای وایە ئەو پێداویستییانەی بەکاردەهێنرێن کەمترین زیان بە ژینگەی ناوەوە و دەرەوەی خانووەکە دەگەیەنن. لەناو خانووەکەشدا ئەو ئامڕازانە بەکاردەهێنرێن کە وزە دەپارێزن.
بۆ دروستکردنی خانوویەکی دۆستی ژینگە، ئەم خاڵانە گرنگن:
- دەبێت وزەی خاوێنی تێدا بەکاربهێنرێت: واتە ئەگەر کەسێک خانوویەک دروستبکات، لە کاتی کڕینی پێداویستییەکاندا رەچاوی کڕینیان لە شوێنێک دەکات کە وزەی خاوێنی بۆ بەرهەمهێنانی ماددەکانی بەکارهێناوە. لەجێگەی نەوت و گاز، وزە خاوێنەکانی وەکو هەتاو، با و ئاو بەکاردەهێنرێت.
- دابڕانی لە دەوروبەر زۆر بێت: پێویستە ئەو ماددانەی لە دروستکردنی خانووەکەدا بەکاردەهێنرێن، کاریگەر بن لە جیاکردنەوەی ژینگەی ناوەوە لە دەرەوە، بۆئەوەی کەمترین وزە پێویستبێت بۆ هاوسەنگکردنەوەی ژینگەی ناوەوە.
- سەرچاوەی رووناکیی سروشتی و دۆستی ژینگە: گرنگە خانووەکە پەنجەرەی زۆری تێدابێت بۆئەوەی تیشکی خۆر بەباشی بچێتە ژوورەوە و وەکو سەرچاوەیەکی سروشتیی رووناکی بەکاربهێنرێت لە شەوانیشدا ئەو جۆرە گڵۆپانە بەکاربهێنرێن کە کەمترین وزەیان پێویستە و لە ماددە بێزیانەکان دروستکراون.
- کەرەستەی بەکارهێنراوەی تێدابێت: لە کاتی دروستکردنی خانوودا، گرنگە ئەو خاڵە رەچاوبکرێت کە دەکرێت رۆژێک ئەو ماددانەی تێیدا بەکارهاتوون چیدی پێویستنەبن. هەر بۆیە، گرنگە ماددەکان توانای بەکارهێنانەوەیان هەبێت لەلایەن ئەو کەسانەی دواتر پێویستیان دەبێت. بەم شێوازە وزەی کەمتر لە بەرهەمهێنانی ماددەی نوێدا بەکاردەهێنرێت، هەروەها ماددە کۆنەکانیش فڕێنادرێن و زیان بە ژینگە ناگەیەنن.
- گرنگی بە سەوزایی بدرێت: گرنگە رووبەرێکی تایبەت بۆ سەوزایی تەرخانبکرێت و زیاتر ئەو رووەکانە بەکاربهێنرێن کە پێویستیان بە ئاوی کەمە. ئەمەش جوانی دەبەخشێت بە خانووەکە و زیانی نییە بۆ سروشت و رۆڵی هەیە لە گۆڕینی گازە زیانبەخشەکان وەکو دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ گازە سوودبەخشەکانی وەکو ئۆکسجین. لە ئەگەری نەبوونی رووبەڕی پێویستدا بۆ سەوزایی، دەتوانرێت سوود لەو رووبەڕانە وەربگیرێت کە سوودێکی ئەوتۆیان نییە، وەکو سەربان.
- بەلووعەکانی ئاویان کەمبێت: زۆرجار لەکاتی بەکارهێنانی ئاودا، بەشێکی زۆر لە ئاوەکە بەفیڕۆدەچێت، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم بەفیڕۆچوونە، زۆر لێچوونی بەلووعەکانە؛ بۆیە لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەو بەلووعانەی کەم ئاویان لێدێت، دەتوانرێت ئاوی پێویست بەبێ بەفیڕۆدانی ئاوی زیاتر بەکاربهێنرێت